فرۆکەخانەی سلێمانی: ڕاگرتنی گەشتەکانی تورکیا بەڕێژەی٪٤٠ـی گەشتەکان کەمیکردوە

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەوە بۆ سەرجەم وڵاتانی جیهان بەردەوامن، بەڵام بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەکانی تورکیا بەڕێژەی ٪٤٠ی گەشتەکانیان کەمی کردوە .

هەندرێن هیوا، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی بۆ وڵاتانی جیهان بەردەوامن، ڕۆژانەش چەند گەشتێک ئەنجامدەدرێن، جگە لە هێڵی ئاسمانی تورکیا.

وتیشی، هەریەک لە هێڵی ئاسمانی قەتەر، شاهانە، فلای دوبەی و ماهان ئایر بەردەوامن لە ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و بەپێچەوانەشەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، گەشتیاران بە رێگای ترانزێت دەتوانن لە سلێمانییەوە بڕۆنە عەممان، دوبەی و دەوحە، لەوێش گەشت بکەن بۆ هەر وڵاتێک کە دەیانەوێت بە پێچەوانەشەوە.  .

سەبارەت بە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ تورکیا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕوونیکردەوە، هیچ بڕیارێکی نوێ نییە، گەشتەکانیش بۆ ئەو وڵاتە ڕاگیراون.

ئاشکرایکرد “بڕیارەکەی تورکیا بووەتە هۆی کەمکردنەوەی نزیکەی ١٠٥ گەشت لە مانگێکدا، ئەمەش بە واتای کەمبوونەوەی ( ٪٣٥ تا ٪٤٠ـی )گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دێت .

ر.س

Comments are closed.