بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازەکەی شەهید کاروان هۆرام دووپات کرایەوە

مەراسیمی چلەی شەهید کاروان هۆرام، بە شکۆ و ڕێزدارییەوە بەڕێوەچوو، تێیدا بیرەوەرییەکانی شەهید لە ناو تێکۆشانی ڕاگەیاندنی ئازاددا یادهێنرایەوە و بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازەکەی دووپات کرایەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ماڵی سندی لە شاری سلێمانی، مەراسیمی چلەی شەهید محەمەد مەلەکی ناسراو بە کاروان هۆرام، شۆڕشگێڕیی ئازادیی کوردستان و ئەندامی یەکێتیی ڕاگەیاندنی دیموکراتیک – یەرەدە  بە شکۆوە بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، لەلایەن کەسوکاریی شەهیدانەوە، چل مۆم داگیرسێنران، بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی شەهید کاروان هۆرام.

دواتر وەهاب محەمەد بەیاننامەی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پێشکەش کرد و وتی: ئەمڕۆ گەلەکەمان پێویستی بە تێکۆشانێکی بەهێزتر و فراواتر هەیە، بۆ وەستانەوە لە دژی پیلانەکانی دوژمن، شەهید کاروانیش یەکێکە لەو شەهیدانەی کە وەکوو دەنگ و ڕەنگ و ڕاگەیاندنی ئازاد، ویستی ئەو تێکۆشانە بگەیەنێتە ئامانجی خۆی، لەسایەی خوێنی ئەم شەهیدانەوە سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان مسۆگەر کراوە، ئەرکی گەورە لەسەر شانی ئێمەیە بۆ درێژەدان بە ڕێگا و ڕێبازی ئەوان.

دواتر بەڵگە فیلمێک لە ڕێگای داتاشۆوە، لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید کاروان هۆران نیشاندرا.

دواتر وەستا ئیبراهیم، باوکی شەهید پۆڵا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی، ئێمە هەردەم دەبێت درێژەپێدەریی ڕێبازەکەی شەهید کاروان هۆرام بین، ئاواتەکانی ئەو ئاواتی هەموو ئازادییخوازانە، سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم ڕۆحی پیرۆزی شەهید کاروان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی دادەنەوێنین.

دواتر ڕێباز حەسەن هاوڕێ و هاوکاریی شەهید کاروان هۆرام، وتارێکی پێشکەش کرد و وتی، هەڤاڵ کاروان لەڕووی ڕۆحییەوە هەتا هەتایە لەگەڵماندا دەژی، ئەو مرۆڤێک بوو، پڕبوو لە ئازادییخوازیی و بوێری و ئازایەتی، شۆڕشگێڕێک بوو هەموو پێوانەکانی جوانی لە کەسایەتی ئەودا دەبینرا، شەهید کاروان پێش پێهەڵگرتنی بۆناو ڕیزەکانی تێکۆشان لە گوندەکەی خۆیان لەسەر توانای خۆی گۆڤارێکی بۆ منداڵان دەردەکرد، بۆ پەروەردە کردنی منداڵان، دواتر بەمەش دڵی ئاوی نەخواردەوە و ڕووی کردە چیا ئازادەکانی کوردستان و تا چرکەساتی شەهیدبوونی یەک چرکەشی بە فیڕۆ نەدا بۆ خەبات و تێکۆشان، ئەو ڕۆشنبیر و خاوەن باگراوەندێکی گەورەی فکر و فەلسەفە بوو.

هەر لە درێژەی مەراسیمەکەدا لەلایەن هاوڕێ و هاوڕێبازانی شەهید کاروان هۆرامەوە، کۆمەڵێک وتار پێشکەش کرا لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید کاروان هۆرام، هەموان جەختیان لەوە کردەوە، کە شەهید کاروان نامرێت و درێژەپێدەری ڕێگا و ڕێبازەکەی دەبین

شەهید محەمەد مەلەکی ناسراو بە کاروان هۆرام، شۆڕشگێڕیی ئازادیی کوردستان و ئەندامی یەکێتیی ڕاگەیاندنی دیموکراتیک – یەرەدە، کە لە گوندی ژاوەرۆی سەر بە سنە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و ١٥ساڵ لە تەمەنی خۆی بەخشی بە شۆڕشی ئازادیی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئازاد، لە ئەنجامی نەخۆشی دا لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٣، لە چیا ئازادەکانی کوردستان شەهید بوو.

ب.گ

Comments are closed.