قەسەدە دوو سیخوڕی میت دەستگیر دەکات

هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) دوو سیخوڕی میت‌ دەستگیردەکات کە شوێنی هێزەکان و دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و فەرماندە سەربازییەکانیان دەستنیشان دەکرد.

ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی دوو سیخوڕی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕایگەیاند ” ئەم دوو سیخورە کاریان دەکرد بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لەبەرامبەر ئەم زانیارییانە پارەیان لە داگیرکەر وەرگرتوە “

لە ڕاگەیەنراوەکەی قەسەدە هاتوە، لە چوارچێوەی ئەرکە سەربازی و ئەمنییەکان بۆ بەگژداچوونەوەی شانە تیرۆریستییەکانی داعش و پووچەڵکردنەوەی شانە سیخوڕییەکانی داگیرکەری تورک لە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، یەکینە تایبەتەکانی قەسەدە توانیان دوو سیخوڕی سەر بە میت دەستگیربکەن، ئەم دوو سیخوڕە کاریان دەکرد بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و شوێنی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، لەگەڵ دیاریکردنی شوێنی فەرماندە سەربازییەکان، لەبەرامبەر ئەم زانیارییانە پارەیان لە داگیرکەر وەرگرتووە”.

ڕاشیگەیاندوە، ئەو دوو سیخورە لە لێکۆڵینەوەکاندا، دانیان نا بە گواستنەوەی زانیاری و دەستنیشانکردنی شوێنە سەربازییەکانی سەر بە مەجلیسی سەربازیی قەسەدە لە تەل تەمر، زڕگان،عامودا و دەرباسیە، پێش ماوەیەک، ئەم شوێنانە لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکەوە بۆردوومان کران و بەهۆیەوە چەند شەڕڤانێک شەهید بوون.

هەروەها دانیان نا بە گواستنەوەی زانیاری سەبارەت بە هاتوچۆی فەرماندە سەربازییەکان و دەستنیشانکردنی شوێنەکانیان، لەوانەش ڕێزان گولۆ، هاوسەرۆکی بنەماڵەی شەهیدان کە ساڵی ڕابردوو لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی داگیرکەری تورکەوە هەوڵی تیرۆرکردنی درا، ئەم دوو سیخوڕە ئاشکرایان کرد دەستیان لەم هەوڵەدا هەبووە.

قەسەدە زانیاری لەسەر ئەو دوو سیخورە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، چەتەی سیخوڕ، ئیلیاس محەمەد ڕەحیل، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٧ لە دەرباسیە لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکراوە و بەشداربووە لە چەندین کاری سیخوڕی، لە لێکۆڵینەوەکاندا، دانی ناوە بە گواستنەوەی وێنە و شوێنی دەیان پێگەی سەربازی و خزمەتگوزاری لە زڕگان، عامودا ودەرباسیە بۆ داگیرکەری تورک، پاش وردبوونەوە لەو زانیاری و وێنانەی چەتە ئیلیاس دەیگواستەوە، دەرکەوت زۆرێک لەو شوێنانە ڕووبەڕووی بۆردوومان و تۆپباران بوونەتەوە، هەروەها دانی ناوە، بە دەستنیشانکردنی شوێنی فەرماندەکانی قەسەدە و گواستنەوەی زانیاری دەرباری جووڵەکانیان بۆ داگیرکەری تورک، لەوانەش هاوسەرۆکی دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان ڕێزان گولۆ، کە ساڵی ڕابردوو لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لەڕێگەی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانەوە ڕزگاربوو.

چەتەی سیخوڕ، ئیلیاس ڕەحیل، دانی بەوەدا ناوە، چوەتە تورکیا و چاوی کەوتووە بە ئەندامانی میت، لە بەرامبەر پارە هاوکاری کردوون.

ئاماژەی بە سیخوڕی دووەم داوە، بەناوی حەمید خەلیل ئەحمەد، لەدایکبووی ١٩٩٨ لە گوندی خەرزا لە عامودا، لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبووە بە میت‌ـەوە، زانیاری دەرباری زیاتر لە ٢٠ شوێنی سەربازی و ئەمنی و خزمەتگوزاری لە زڕگان و عامودا و دەرباسیە بۆ دەزگای میت گواستۆتەوە، یەکێک لەو خاڵانە لە گوندی خەرزا ڕووبەڕووی بۆردوومانی فڕۆکەی تورکی بۆتەوە و دوو شەڕڤانی ئەرکی خۆپاراستن بەهۆیەوە شەهیدبوون.

هێزەکانی سوریای دیموکرات، چارەنوسی ئەو دوو سیخوڕەی ئاشکراکرد و وتی: هێزەکانمان پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵ سیخوڕەکان، هەردووکیانی ڕادەستی دادگا کردوە بۆ وەرگرتنی سزاکانیان .

ر.س

Comments are closed.