لەیاسای بودجەی عێراقدا حکومەتی هەرێم پابەندکرا بە پێدانەوەی پاشەکەوتی موچەخۆران

لەكۆبونەوەی ئەمشەوی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕگەیەك لەناو پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ جێگیركرا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەكات بەگێڕانەوەی موچەی پاشەكەوتكراوی موچەخۆران بەڕێژەی ١٠%ی مانگانە.

ئەمشەو كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی ئەو بڕگانەی كە یەكلانەكراونەتەوە ئەنجامدرا، لەكۆبونەوەكەدا ماددەكانی ١٣ و ١٤ی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەسەندكران.

بەگوێرەی یەكێك لەبڕگە پەسەندكراوەكانی ئەمشەو، حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بەگێڕانەوەی موچەی پاشەكەوتكراوی موچەخۆران بەڕێژەی ١٠%ی مانگانە بۆ بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ سەرەڕای موچەكەی خۆی تا هەمو موچەپاشەكەوتكراوەكان دەدرێتەوە فەرمانبەران.

چەند بڕگەیەكی ئەو ماددانەی پەیوەست بون بەپشكی هەرێم كراوە و ئەوەش ناڕەزایەتی فراكسیۆنی پەدەکەی لێكەوتەوە، بەوهۆیەوە نوێنەری فراكسیۆنی ئەو حزبە كۆبونەوەكەی جێهێشتوە.

ستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی، “لیژنەی دارایی دەنگیدا لەسەر هەمواری بڕگەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و پابەندكردنی بەرادەستكردنی نەوت بەكۆمپانیای سۆمۆ ئەگەر توانای هەناردەكردنی هەبێت یان نا”.

راشیگەیاندوە، هەژماری بانكی هەناردەی نەوتی هەرێم تەنها لەدەسەڵاتی وەزیری دارایی عێراق دەبێت، هەربۆیە نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبونەوەكەی جێهێشتوە”.

ر.س

Comments are closed.