ئەو ماددانە چین كە تایبەتن بەهەرێمی كوردستان لە بودجەدا؟

ناوەندی هەواڵەكان

لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە خاڵێکی پرۆژە یاسای بودجەدا دیاریکراوە، كە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان تەنها وەزیری دارایی عێراق مامەڵەی پێوە بكات، ئەمەش ناڕەزاییەتی لێكەوتەوە.

شەوی ڕابردوو، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، كۆتا كۆبوونەوەی خۆی لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەدا كرد، کە تێیدا سێ ماددە تایبەت کرا بە هەرێمی کوردستانەوە.

مستەفا سەناد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەكە دەنگی داوە بۆ هەمواركردنەوەی بڕگەكانی پەیوەست بە هەرێم لە یاسای بودجەدا، بە تایبەت بابەتی ڕادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ.

ئاماژەی بەوەش كرد، كردنەوەی هەژماری بانكی داهاتی نەوتی هەرێم تەنها لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە دەبێت، بەمەش بەشێك لە پەرلەمانتارانی پەدەكە كۆبوونەوەكەیان بەجێهێشت، هەروەها لە بودجەدا مەرجەكانی گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشی تێدابوو.

مستەفا سەنەد، هۆكاری كشانەوەكەی نەخستەڕوو، بەڵام پێدەچێت ناڕەزایەتییەك بێت بەرامبەر بە بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە، ئەمەش گوزارشت لە تێڕوانینی هەرێم دەكات، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو هەمواركردنەوەیە لەناو لیژنەكەدا.

هەریەك لە ماددەكانی ١٢و ١٣و ١٤ی بودجەی عێراق تایبەتە بە پشكی هەرێمی كوردستان، کە تێیدا هاتووە:

ماددەی ١٣: یەكەم: نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەكەشی لە بانكێكدا دادەنرێت، هەروەها بەڕەزامەندی وەزیری دارایی عێراق و بەچاودێریی لیژنەی چاودێری حكومەتی ناوەند، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەتوانێت، پارە لەو هەژمارە دەر بكات.

دووەم: پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێمی ساڵانە یان شەش مانگ جارێك ڕاپۆرتی خەرجكردنی داهاتی نەوت بۆ وەزاەتی دارایی عێراق بنێرێت، هەروەها لیژنەیەكی هاوبەشی لەنێوان هەردوو لا پێكدەهێنرێت، بۆ پێداچوونەوە بە كێشەكانی پێشووی نەوت و غازی حكومەتی ناوەند و هەرێم.

ماددەی ١٤: یەكەم: هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق پێداچوونەوە بەكێشەكانی نێوانیان هەر لە ساڵی ٢٠٠٤وە تاوەكو ٢٠٢٣ دەكەن، بۆ ئەوەی هەموو ماف و ئەركێكی هەردوو حكومەت دیاری بكرێت.

دووەم: پێویستە وەزارەتی سەرچاوە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بكات، وە ڕاپۆرتی مانگانەش بۆ حكومەتی عێراق بنێرێت.

سێیەم: پێویستە حكومەتی هەرێم پابەند بێت، بە ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت بەپێی یاسای كارگێڕیی دارایی حكومەتی ناوەند، هەروەها وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق پابەند دەبێت، بە ناردنی شایستەكانی هەرێمی كوردستان، بەو مەرجەی ئەو خاڵانەی سەرەوە جێبەجێ بكەن.

لەخاڵێكی دیكە دا هاتووە، دەبێت حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرەكانی و پارەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، بەپێچەوانەوە حكومەتی ناوەندی پشكی هەرێم ڕادەگرێت، ئەو كات حكومەتی ناوەند ڕاستەوخۆ پارەی پارێزگاكان دەنێرێت.

هەروەها پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێم  و ناوەند پێكەوە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببەن.

لەكۆتا خاڵدا هاتوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە دانەوەی مانگانە ١٠٪ ی مووچەی پاشەكەوتی فەرمانبەرانی، تاوەكو ئەو كاتەی پاشكەوتەكە تەواو دەبێت.

ڕۆژی ١٣ی ئازاری ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گەورەترین بودجەی دارایی لە مێژووی وڵاتدا پەسەند كرد، كە بڕەکەی ١٩٧ ترلیۆن و ٨٢٨ ملیار دیناری عێراقی تێپەڕاند، كە دەكاتە نزیكەی ١٥٢.٢ ملیار دۆلار، بە كورتهێنانی كۆی گشتی ٦٣ ترلیۆن دیناری عێراقی، بە سوود وەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی جیهانیدا.

هـ.ئ

Comments are closed.