شارەزایەك مەترسییەکی نوێ بۆسەر کشتوکاڵی عێراق ئاشکرا دەکات

ناوەندی هەواڵەكان

شارەزاییەكی كشتوكاڵ ڕایگەیاند، هەڵكەندن و بەكارهێنانی زەوی كشتوكاڵی بۆ مەبەستی دیكە، وەك خانووبەرە یان دامەزراندنی كارگەی پیشەسازیی، بووە بە دیاردەیەكی مەترسیدار بۆ سەر کشتوکاڵ و سروشتی عێراق، حكومەتیش دەڵێت، ڕێوشوێنی توند گیراوەتەبەر بۆ ڕێگریی كردن لەو دیاردەیە.

سەبارەت بە مەترسییەکی نوێ بۆسەر کشتوکاڵ و سروشتی عێراق، عادل موختار شارەزای كەرتی كشتوكاڵ لە عێراق، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

عادل موختار
عادل موختار

عادل موختار وتی: هەڵكەندن و بەكارهێنانی زەوی كشتوكاڵی بۆ مەبەستی دیكە، دیاردەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر سروشتی عێراق، وە بەپێی یاسای عێراقی ساڵی ١٩٩٣ لەناوبردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان قەدەغەیە، بەڵام ڕێكارەكانی ڕێگریی كردن لە بەرامبەر ئەو كەسانەی، كە زەوییە كشتوكاڵییەكان لەناودەبەن بۆ شوێنی نیشتەجێبوون لە ئاستی پێویستدا نین.

وتیشی: سەرپێچی لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان هەیە، كە كۆمەڵێك خاوەن گرێبەستی كشتوكاڵی باخەكانیان دەفرۆشن و دەکرێن بە شوێنی نیشتەجێبوون، بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ئەو ناوچانە كشتوكاڵین و سەرچاوەی ئابووری و بودجەی گشتی وڵاتن.

هەر لەم بارەیەوە مەهدی جبوری، یاریدەدەری تەكنیكی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لەڕاگەیاندراوێكدا لە پەڕەی خۆی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هۆشداریدا لە بەردەوامیی دیاردەی لەناوبردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان، هەروەها ئاشکرای کرد کە ڕێوشوێنی توند گیراوەتەبەر بۆ ڕێگریی كردن لە ڕووخاندنی زەوی و باخەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد، زەوی كشتوكاڵی سامانێكی نیشتمانییە و پاراستنی ئەركێكی گرنگە، بەو پێیەی ڕۆڵێكی گرنگی هەیە، لە دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و پاراستنی كەشوهەوای گونجاو.

مەهدی جبوری
مەهدی جبوری

ئەوەشی خستەڕوو، یاساكانی عێراق جەختیان لەسەر پاراستنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و باشتركردنی موڵكەكانیان و نەڕووخاندنی زەوی و باخەكان كردووە، لەوانە یاسای ١١٧ی ساڵی ١٩٧٠، یاسای پاراستنی بەرهەمی ڕووەك، یاسای ٥٣ی ساڵی ١٩٧٦، بڕیارنامەی ٣٦٤.

هاوکات ڕوونی كردەوە، زیاتر لە نوسراوێك بۆ بەڕێوەبەرایەتییە كشتوكاڵییەكان لە سەرجەم قایمقامییەتەكاندا بڵاوكراوەتەوە، سەبارەت بە بەدواداچوونی زەوییە كشتوكاڵییەكان و ڕێگریی كردن لە دەستدرێژیی كردنە سەریان لە ڕێگەی پێكهێنانی لیژنەی سەرەكی لە قایمقامییەتەكان و لیژنە لاوەكییەكان لە هەر ناوچەیەکدا، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی سەرپێچیكاران و لێپرسینەوە لەو هاوڵاتیانەی كە بازرگانی بەو زەوییانەوە دەكەن.

پێشتر محەمەد كەریم خەفاجی، وەزیری پێشووی كشتوكاڵی عیراق ڕایگەیاند بوو، ڕووبەری زەوییە كشتوكاڵییە بەكارهێنراوەكان بۆ پرۆژەکان لە عێراق، ١٨ ملیۆن دۆنم بۆ ٣٢ ملیۆن دۆنمە.

هـ.ئـ

Comments are closed.