ناوەندی هەواڵەکان
پەنابەرانی کامپی مەخموور شەوی ڕابردوو، وێڕای هەڕەشەکانی سوپای عێراق و ڕەشەبا و خۆڵبارینێکی چڕ، لە ناو چادرەکانی بەرخۆداندا مانەوە و ئەمڕۆ دەبێتە حەوتەم ڕۆژی بەرخۆدانیان لە دژی تەلبەند کردنی کامپەکەیان.
لە ٢٠ی ئەم مانگەوە، سوپای عێراق، بە دەیان زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەکی قورسەوە لەگەڵ پۆلیس و هێزی تایبەت دەوری کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودییان داوە لە مەخموور و دەیانەوێت تەلبەندی بکەن، خەڵکی کامپەکەش چادریان هەڵداوە و لە بەرامبەریان دەستیان بە بەرخۆدان کردووە.
دوێنی جارێکیتر سوپای عێراق، دەستیان بە جموجوڵ کرد لە دەوری کامپەکە و هەوڵی تەلبەند کردنیان دا، بەڵام دیسان خەڵکی کامپەکە لە دژیان وەستانەوە و چوونە پێش سوپاکە و ڕێگەیان پێنەدان.
سەرباریی هێرش و هەڕەشەکانی سوپای عێراق لەسەر کامپەکە، دوێنێ شەو ڕەشەبا و خۆڵبارینێکی چڕ مەخمووری گرتەوە، بەڵام خەڵکی کامپەکە تا بەرەبەیان لە ناو چادرەکانی بەرخۆدان، بە گۆرانی وتن و جۆش و خرۆشەوە ڕۆژیان کردەوە، ئەمڕۆش دەبێتە حەوتەم ڕۆژی بەرخۆدانیان لە دژی تەلبەند کردنی کامپەکەیان.
ب.گ
Comments are closed.