ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان ستایشی ڕۆڵ و خەباتی شەهید کاروان دەکەن

سلێمانی

بەشێک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان دەڵێن: ئەم وڵاتە پێویستی بە ڕۆژنامەنووسی بوێر و بەویژدان وڵاتپارێز و خاوەن ئیرادە هەیە، وەک شەهید کاروان هۆرام،  پێوستە ڕۆژنامەنووسان لەسەر ڕێگای ئەو بەردەوام بن لە پێناو خاک و کۆمەڵگەدا.

شڤان سەعید
شڤان سەعید

لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی، چلەی شەهید محەمەد مەلەکی ناسراو بە کاروان هۆرام، شۆڕشگێڕیی ئازادیی کوردستان و ئەندامی یەکێتیی ڕاگەیاندنی دیموکراتیک – یەرەدە، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بەشدار لە مەراسیمەکە، لەبارەی ڕۆڵ و خەباتی شەهید و گرنگی ڕێبازەکەی بۆ ڕۆژنیوز دووان.

شڤان سەعید، چالاکوانی مەدەنی دەڤەری بادینان لەسەر شەهید کاروان وتی: ئەو شەهیدی ڕێگەی حەق و ئازادییە، لەم ڕۆژەشدا پەیاممان ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و وڵاتپارێزان و ئازادیخوازان دەکەین، کە بەردەوامبن لەسەر ڕێگای ڕاستی بۆ گەیاندنی  پەیامی ڕاست و خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان.

ئەو چالاکوانە وتیشی: کاری ڕۆژنامەوانیش ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لەناو کۆمەڵگەدا، ئەم وڵاتە پێویستی بە ڕۆژنامەنووسی بوێر و خاوەن ئیرادە و وڵاتپارێز و خاوەن ویژدان هەیە، پێویستە یەک بگرن بۆ گەیاندنی پەیامێکی دروست لە پێناو خزمەتکردنی هەرچوار پارچەی کوردستان.

سنور عوسمان
سنور کەریم

سنور کەریم، ڕۆژنامەنووس و هاوڕێی شەهید کاروان باسی لەوەکرد، کاری ڕۆژنامەوانی  گرێدراوە  بە دۆخی سیاسی و کێشەکانی نەتەوەکەمانەوە، لەبەرئەوە کارکردنی شەهید کاروان لەچوارچێوەی خەباتێکی پێویستدا بوو، ئەو لە ڕێی چاپەمەنییەوە بە ڕەنجێکی بێوچان و کاری ساڵەها، خەباتی بۆ هەرچوارپارچەی کوردستان دەکرد

دەشڵێت: ئەوەی شەهید کاروان زۆر جەختی لەسەر دەکردەوە، گەیاندنی ڕاستی بوو بە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی و بە چاوی جیهان، ئەگەر خەبات و ئامانجەکانی ئەو شەهیدە  لەبەرچاو بگیرێت بۆ هەر ڕۆژنامەنووسێکی باشووری کوردستان دەبێتە ئەرک، کە هەوڵی ڕاستکردنەوەی کۆمەڵگە و سیاسەت و سڕینەوەی کێشە و ناکۆکییەکانی کۆمەڵگە بدات، کۆڵیش نادەن تا ئازادی و ئارامی بۆ خاک و نیشتیمان بەدەست دەهێنن.

ئاسۆ جەوهەر
ئاسۆ جەوهەر

هەروەها ئاسۆ جەوهەر ڕۆژنامەنووس دەڵێت: شەهید کاروان بوێرانە کاری بۆ گەیاندنی پەیامی ئەو فکر و ڕێبازە دەکرد، کە بڕوای پێی هەبوو، ئەرکی هەموو ڕۆژنامەنووس و میدیاکارێکە، لەسەر بنەمای پارێزگاریی و ئاراستەکردنێکی دروستی کۆمەڵگە کاربکات، بۆ درێژە پێدان بە ڕێبازەکەی ئەو شەهیدە پێویستە ڕۆژنامەنووسان هەوڵبدەن باگراوەندێکی باشی فکری و دونیابینینێکی  تایبەت بە خۆیان هەبێت، وەک شەهید کاروان.

س.س

Comments are closed.