زالو ئەو زیندەوەرە بچووکەی چارەسەری نەخۆشیی گەورە دەکات

ژیار جومعە

لەپاڵ چارەسەریی پزیشکی و بەکارهێنانی دەرمانی کیمیاییدا، لەکۆنەوە ڕێگای تر بۆ چارەسەریی گیراوەتەبەر، زالو، لە چارەسەریی سروشتی ئەم سەردەمەدا، لە پزیشکی تەواوکارییدا گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت و بەوتەی شارەزایان، زالو کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر پاکبوونەوەی دەمارەکان لەکاتی تەسکبوونەوەیاندا و لابردنی ماددە زیانبەخش و ژەهراوییەکان لەخوێنبەرەکاندا.

زالو بوونەوەرێکی ئاویی جیاوازە، مێژووی بەکارهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزارساڵ پێش ئێستا لەلایەن چینییەکانەوە، هەرچەند قەبارەی بچووکە و لەچەند سانتیمێک تێپەڕناکات، بەڵام ١٠٠ ددانی هەیە، ١٠ گەدەی هەیە، ٤٢ مێشکی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سێ بڕەری هەیە، کە بڕەرێکی سڕکەر و بڕەرێکی دیکەی مادە زیانبەخشەکان کۆدەکاتەوە، سێیەم دانەشی ماددەی سوودبەخش دەخاتە سووڕی خوێنی نەخۆشەوە.

لیمۆ داود
لیمۆ داود

لیمۆ داود، شارەزا لەبواری دەرمانی سروشتی لەسەر گرنگی بەکارهێنانی زالو بۆ چارەسەریی دەڵێت: زالو کۆمەڵێک پێکهاتەی باشی تێدایە بۆ هەڵمژینی مادە زیانبەخشەکان لە لەشی نەخۆشدا، لەهەمانکات مادەیەکی زۆر دەکاتە سووڕی خوێنی نەخۆشەکەوە وەکو (ئسپرین و ئەلفارین و هیرۆدین) زۆرترین نەخۆش کە سوودیان لەزالو بینیوە ئەو کەسانەن، کە کێشەی دەماریان هەبووە، یاخود شەقیقە و شەکرە و ئیلتیهابێکی زۆریان هەبووە.

ئەو شارەزایەی بواری دەرمانی سروشتی دەڵێت: بۆ ئەوانەی خواستیانە سود لە زالو وەربگرن بۆ بەکارهێنان، دەبێت پسپۆڕیی و شارەزاییەکی باشی هەبێت و وتی: هەموو کەس ناتوانێت لەخۆوە بەکاریبهێنێت، هەر خاڵێکی جەستەی مرۆڤ پەیوەستە بە نەخۆشییەکەوە، بۆیە دەبێت بە ئەکادیمی و وردییەوە بەکاربهێنرێت.

بەکارهێنانی زالو بەچەند هەنگاوێک دەکرێت، سەرەتا دەبێت بەدەرزییەک یاخود نوکێکی تیژ برینێک لەسەر شوێنی مەبەست بکرێت، تا خوێنێکی کەمی لێدێتە دەرەوە، ئەمەش وەک ڕاکێشانی سەرنجی زالوەکەیە، بۆ ئەوەی لەو برینەوە بگات بەدەمارەکانی لەش، دواتر زالوەکە بە هەڵمژین ماددەی ژەهراوی نێو دەمارەکان ڕادەکێشێت، هاوکات چەند ماددەیەکی سوودبەخشیش دەکاتە ناو سووڕی خوێنەوە.

کۆچەر عومەر
کۆچەر عومەر

کۆچەر عومەر، پاش ئەوەی تەندروستی تێکدەچێت و سەردانی پزیشک دەکات پێی دەڵێن، کە سەمامەی دڵی گیراوە، لەپاش کۆمەڵێک پشکنین و وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی بۆ ماوەیەکی درێژ، هێشتا بەدەست ئازار و تەنگەنەفەسییەوە دەناڵێنێت، بۆیە بریار دەدات زالو بەکاربهێنێت، پاش وەرگرتنی یەک ژەم و بەکارهێنانی دەرمانی سرووشتی بۆ ماوەی ٤٣ ڕۆژ، دەچێتەوە لای پزیشکی پسپۆر، پێی دەڵێن، کە سەمامەی دڵی کراوەتەوە و هیچ کێشەی نەماوە.

کۆچەر عومەر لەبارەی بەکارهێنانی زالو بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی و بارودۆخی تەندروستی ئێستای بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێستا هیچ کێشەیەکی تەندروستیم نەماوە، پێش بەکارهێنانی شەوان لەئازار و تەنگەنەفەسیدا لەخەو ڕادەپەڕیم، نەمدەتوانی ڕێ بکەم و کار بکەم، پاش بەکارهێنانی ئێستا تەندروستیم زۆر باشە و بەهۆی زالوەوە ڕزگارم بوو لێی.

س.س

Comments are closed.