خانەوادەی شەهیدانی شنگال پشتیوانی پەنابەرانی کامپی مەخموور دەکەن

ناوەندی هەواڵەكان

خانەوادەی شەهیدانی شنگال، لەبارەی هەوڵی تەلبەندکردنی کامپی مەخموورەوە ڕایانگەیاند، ئەو هێرشانە لە ژێر فشاریی دەوڵەتی تورك و پەدەکە حكومەتی عێراق ئەنجامی دەدات، ئەمەش پێشێل کردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكانە بۆ پاراستنی كۆچبەران.

لەدژی هەوڵی تەلبەند کردنی کامپی مەخموور، كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی شنگال، بەیاننامەیەكیان بۆ پشتیوانی کردن لە پەنابەرانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور بڵاو كردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، گەلەكەمان لە مەخموور ساڵانێكە ژیانێكی كۆچبەریی دەگوزەرێنن، تا ئێستاش عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان مافی خۆیانیان پێ نادەن، كە بتوانن بژین و خۆیان بەڕێوەببەن، بەداخەوە حكومەتی عێراق هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكان بۆ پاراستنی كۆچبەران پێشێل دەكات.

ئەوەش هاتووە تێیدا، دەوڵەتی داگیركەری تورك، چەند جارێك هێرشی ئاسمانی بۆ سەر كامپەكە ئەنجامداوە، جگە لەوەش پەدەکە ساڵانێكە ڕێگریی لە چوونە ژوورەوە و دەرچوونی دانیشتوانی كامپەكە دەكات، دانیشتوانی كامپی مەخموور كێشەی زۆریان هەیە، دەبێت حكومەتی عێراق چارەسەریی بكات، بەڵام عێراق هەموو ئەم كێشانە دەخاتە لایەك و ئێستا دەیەوێت گەمارۆی خەڵك بدات.

هەروەها تێیدا هاتووە، گەلی خۆڕاگرمان، ئێمە دەزانین هیچ هێرشێك تەنها لە لایەنێكەوە نییە، ئەو هێرشانە لە ژێر فشاری دەوڵەتی تورك و پەدەکەدا  حكومەتی عێراق ئەنجامی دەدات، كە خۆی ناتوانێت بە تەنیا ئەنجامی بدات، هەروەها بازرگانی بە ژیانی ئێوەوە دەكات.

لەكۆتایدا سڵاو بۆ خۆڕاگریی گەلەكەمان دەنێرین و دەڵێین ئیرادەی گەل هەمیشە و لە هەموو شوێنێك سەردەکەوێت، وەك چۆن شنگال تا ئێستا بە خوێنی شەهیدەكانی و بەرخۆدانی گەلەكەی لە بەرامبەر هەموو پیلانەكان بەرگەی گرتووە، مەخموریش سەردەكەوێت.

هـ.ع

Comments are closed.