ڕێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی دووەمی سەرۆک کۆماریی تورکیا زیاتر بووە

ناوەندی هەواڵەکان

دوای کۆتایی ھاتنی پڕۆسەی دەنگدانی هاوڵاتیانی باكووری كوردستان و توركیا لە دەرەوەی وڵات، بۆ گەڕی دووەمی سەرۆک کۆماریی تورکیا، دەنگەکان لەڕێگەی فڕۆکەوە گەڕێنرانەوە بۆ ئەنقەرە، بەپێی ئامارەکانیش ڕێژەی دەنگدان لە گەڕی دووەمدا زیاتر بووە.

ڕۆژی ٢٠ی مانگ دەنگدانی هاوڵاتییانی تورکیا، لە وڵاتانی دەرەوە، بۆ هەڵبژاردنی گەڕی دووەمی سەرۆك کۆماریی توركیا دەستیپێكرد و تا ئێوارەی ٢٤ی مانگ بەردەوام بوو.

ئیسماعیل ئەمرا کارایڵ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، سندوقەكانی دەنگدانی دەرەوە، گەڕێنراونەتەوە بۆ توركیا و لە گواستنەوەی دەنگەکاندا رێوشوێنی ئەمنی تایبەت گیراونەتەبەر.

دەشڵێت: بەراورد بە خولی یەکەم ئەم جارە رێژەی بەشداریی کردن زیاتر بوو، لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی وڵات پێنج ڕۆژ ماوەی دەنگدان ھەبوو، لەم ماوەیەدا ھاووڵاتییان بەشێوەیەکی چڕ بەشدارییان کرد، زۆرینەشیان کۆتایی ھەفتە دەنگیاندا.

ڕۆژی ١٤ی ئایار، هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری توركیا بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ یەكێك لە كاندیدەكان نەیانتوانی زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنن، بۆیە هەڵبژاردن كەوتە گەڕی دووەمەوە.

ڕۆژی ٢٨ی مانگ، جارێكی تر هاوڵاتیانی باكوری كوردستان و توركیا دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ دەنگدان بە هەریەك لە كەمال كڵچدار ئۆغڵو، كاندیدی هاوپەیمانی میللەت و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار.

س.س

Comments are closed.