بەرزترین تاڤگەی هەرێمی كوردستان و عێراق ڕێگای بۆ دروست نەکراوە

قەسرێ

سەرەڕای هاتنی گەشتیار و خەڵكێكی زۆر بۆ بینینی بەرزترین تاڤگەی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵام تاكو ئێستا ئەم تاڤگەیە ڕێگایەکی بۆ دروست نەکراوە و دەبێت گەشتیاران و سەردانیکەرانی چەندین كیلۆمەتر بەناو دڕك و داڵدا تولە ڕێی پێچاوپێچ ببڕن تا بە تاڤگەكە دەگەن، ئەمەش ئاستەنگی زۆری بۆ دروستكردوون.

تاڤگەی كانی بەست، كە بە بەرزترین تاڤگەی هەرێمی كوردستان و عێراق دانراوە، بەهۆی جوانی و سەرنجڕاكێشیەكەی وای كردووە ڕۆژانە گەشتیارێكی زۆری بۆ بچێت، بەڵام نەبوونی خزمەتگوزاری لە شوێنەكە ئاستەنگی زۆری بۆ گەشتیاران دروست كردووەو هەموو كەسێك ناتوانێت پێی بگات.

عیرفان حەمە

عیرفان حەمە، یەكێك لەو گەشتیارانەی كە لە هەڵەبجەوە بەمەبەستی بینینی تاگەی كانی بەستەوە هاتووە دەڵێت: تاڤگەی كانی بەست بە یەكێك لە جوانترین و سەرنجڕاكێشترین شوێنەكان دادەنرێت كە تاكو ئێستا بۆی چوبووم، شوێنێكە سەرنجی سەدان كەسی بەلای خۆیدا ڕاكێشاوەو ئێمە كۆمەڵەیەكین كە تایبەت بۆبینینی ئەم تاڤگەیە لە هەڵەبجەوە هاتوین، وە چەندین كەسی تریشی لێیە كە تایبەت بۆ ئەم شوێنە هاتوون تا چێژ لە دیمەنەكانی وەرگرن.

عیرفان ئاماژە بە نەبوونی خزمەتگوزاری شوێنەكە دەدات و دەڵێت: لە زۆربەی وڵاتان حكومەت سود لە شوێنی سروشتی و گەشتیاری وەردەگرێت و خۆزمەتگوزاریشی بۆ دەبات، بەڵام لە وڵاتی ئێمە تا ئێستا نەتوانراوە ئەم شوێنە تایبەتانەی وەك كانی بەست خزمەت بكرێن و ڕێگاو پێویستیەكانی گەشتیاری بۆ دابینبكەن و بكرێت بە سەرچاوەیەكی داهاتیش بۆ وڵات بەهیواین حكومەتی بیر لە كەرتی گەشتیاری بكاتەوە.

هیوا كانی بەستی
هیوا كانی بەستی

هیوا كانی بەستی كە دانیشتوی شوێنەكەیە لەبارەی تاڤگەكەوە دەڵێت: تاگەی كانی بەست شوێنێكی گرنگی گەشتاریە لە باڵەكایەتی و هەرێمی كوردستان، وە بەرزترین تاڤگەیە لەسەر ئاستی هەرچیەکی كوردستان و عێراق و بۆیەش حكومەتی عێراق وێنەكەی خسۆتۆتە سەر بەرزترین دراوی عێراق كە پەنجا هەزاریە.

ئەو گەشتیارە باس لەوەش دەکات،  ئەو كەسانەی بیانەوێت سەردانی تاڤگەی كانی بەست بكەن دەبێت چەندین كیلۆ مەتر ەپیادە ببڕن تا بە تاڤگەكە بگەن چونكە لەلایەن حكومەتەوە هیچ خزمەتگوزارەیەكی بۆ نەكراوەو پشتگوێخراوە.

تاڤگەی كانی بەست دەكەوێتە بناری هەردوو چیایی كۆخەو شێخ ناسر لە گوندی وەڵزەی سەر بەشاردەێی قەسرێ لە سنوری قەزای چۆمان، ئەم تاڤگەیە ۳۷ مەتر بەرزەو نزیكەی ۲۰۰۰ مەتر لە ئاست روی دەریاوە بەرزە، تاڤگەی كانی بەست ڕێگای ئۆتۆمبێلی خراپە، لە كانی بەست تاكو تاڤگەكەش هیچ ڕێگایەكی نیە، ئەوەش كاریگەری لەسەر ڕێژەی گەشتیار دروستكردووە.

هـ.ح

Comments are closed.