هەوڵە بێ ئاکامەکانی ئەردۆغان و سەرکەوتنی ئیرادەی کورد

بۆتان گەرمیانی

وێڕای تیرۆر و دانانی قەیوم و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی و گرتنەبەری هەموو ڕێبازەکانی زەبروزەنگ، لەلایەن ئەردۆغان و دارودەستەکەیەوە دژ بە کورد، بەڵام دواجار ئیرادەی کورد سەرکەوت لە هەڵبژاردنەکاندا، پارتی چەپی سەوز بوون بە هێزی سێیەم لە تورکیا و زۆرترین کاندیدی ژنیان سەرخست بۆ پەرلەمان و نەیانهێشت ئەردۆغان لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوێت.

ڕۆژنیوز لەم دۆسییەدا بەشێک لە تاوان و کۆمەڵکوژیی و داگیرکارییەکانی ئەردۆغان و دارودەستەکەی دەخاتەڕوو لەدژی کورد، کە چۆن بێ ئاکام ماونەتەوە.

ڕەتکردنەوەی ئیرادەی سیاسی کورد

هەدەپە لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥ لە تورکیا ١٣٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ١٠٤ شارەوانی گرتەدەست، ئەو دەستکەوت و بەرەوپێشچوونە گەورە و خێرایانەی هەدەپە لە مەیدانی سیاسی و جەماوەرییدا، ترسی خستە دڵی ئەردۆغان و دارودەستەکەی، هەربۆیە بە سەپاندنی زۆرەملێ، ئاکەپە یەک لە دوای یەک شارەوانییەکانی لەدەستی هەدەپە سەندەوە و قەیومیان لەجێگای دانا.

لە ساڵی ٢٠١٩ هەدەپە جارێکیتر بەشداری هەڵبژاردنەکانی تورکیای کرد و ٦٩ شارەوانی بەدەستهێنا، بەڵام ئەردۆغان و پارتەکەی دیسان بە سەپاندنی زۆرەملێ، ٦٧ شارەوانییان لە هەدەپە سەندەوە و قەیومیان لە جێگای دانا، ئێستا تەنها شارەوانی سلۆپی و پانتۆس لەدەستی هەدەپەدا ماوە.

هەروەها لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٥وە تا ئەمڕۆ، نزیکەی ٢٠هەزار ئەندام و لایەنگری پارتەکە دەستگیرکراون لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، لە ناویاندا هەریەک لە هاوسەرۆکانی پێشوو سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ١٠ پەرلەمانتاری دیکەی پارتەکە هەن، جگە لە تیرۆرکردنی ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە و داخستنی چەندین ناوەندی پارتەکە و جۆرەها پێشێلکاریی بەرامبەریان.

تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی ئەردۆغان دژی کورد

ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٥ شەڕی لە شارە کوردییەکانی باکووری کوردستان هەڵگیرساند و چەندین کۆمەڵکوژیی لە سووری ئامەد، جزیرە و سلۆپی و شرناخ ئەنجامدا.

ئەردۆغان تەنها لە ناوخۆی وڵات نا، بەڵکو بەرهەرلایەکدا کورد هەبێت پەلیهاویشتووە و داگیرکاریی و تاڵان و کۆمەڵکوژیی ئەنجامداوە، لە ساڵی ٢٠٠٨وە بە هێرشی داگیرکاریی بۆسەر ناوچەی زاپ، کە دووچاری شکستێکی مێژووی هاتن، دەستیان بە هێرشی فراوانی سەربازیی کردەوە بۆسەر باشووری کوردستان، لەم چوارچێوەیەدا دەیان هێرشی داگیرکاریی فراوانیان ئەنجامداوە.

هەتا ئەمڕۆش، ئەو هێرشە داگیرکارییەی کە لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢وە، بۆسەر هەرێمەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا دەستیپێکردووە درێژەپێدەدات، ڕۆژانە چەکی کیمیایی و بۆمبی قەدەغەکراو و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای شەڕ لەدژی گەریلاکانی ئازادیی، لە چیا ئازادەکانی کوردستان بەکاردەهێنێت.

هەروەها لە ساڵی ٢٠١٨ ئەردۆغان و گرووپە چەتەکانی، بە چەکی فسفۆڕ و بۆمبی قەدەغەکراو و دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشیان کردە سەر شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، داگیریان کرد و دانیشتوانەکەیان جینۆسایدکرد، پاش ساڵێک و لە ٢٠١٩ هێرشیان کردە سەر گرێ سپی و سەرێ کانی و ئەو ناوچانەشیان داگیرکرد.

وەڵامی ئاگربەست بە هێرشی داگیرکاریی

لەپاش دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، لە پلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩، پەکەکە تاکلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاند و تا ٢٠٠٤ و سەردەمی حکومڕانی ئەردۆغان بەردەوامبوو، وێڕای پرۆسەی کشانەوەی گەریلاش، دەوڵەتی تورک زیار لە ٤٠٠ گەریلای لەو پرۆسەدا شەهید کرد و هەر کاتیک دەرفەتی بۆ بڕەخسایە هێرشی دەکردە سەر پەکەکە، بەمجۆرە ئاگربەستی بێ کاریگەر کرد و کۆتایی پێهێنا.

لەوە بەدواش چەندینجار پەکەکە و کەجەکە بڕیاری راگرتنی شەڕ و ئاگربەستی تاکلایەنەیان داوە، بەڵام ئەردۆغان بە هێڕش و داگیرکاریی سەربازیی، هەوڵە ئاشتیخوازییەکانی کوردی پوچەڵکردووەتەوە، هەروەها هەموو ئەو گرووپانەی بۆ ئاشتی نێردراونەتەوە تورکیا، تا ئێشتاش لە زیندانەکاندان.

دۆخی تورکیا لەسەردەمی حکومڕانی ئەردۆغاندا

لەو ٢١ساڵەدا کە ئەردۆغان و پارتەکەی حکومڕانی تورکیا بوون، داتەپینی ئابووری تورکیا و هاڕەکردنی مێژوویی بەهای لیرە و بەتاڵ کردنی خەزێنەی وڵات لە خەرجی شەڕی کورد و شەڕەکانی دەرەوەی سنوور، بێكاریی، برسێتی، کۆچ و حکومڕانییەکی دیکتاتۆرانە و

 گرتنەبەری ڕێبازەکانی زەبر و زەنگ لە بەرامبەر نەیارەکانیدا، دیارترین سیماکانی حوکمی قەرەقوشانەی ئەردۆغان بوون.

هەوڵە بێ ئاکامەکانی ئەردۆغان

لە ١٤ی ئایاری ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەچوو، وێڕای هەموو ساختەکاریی و پێشێلکارییەکان، کورد وەک ڕێژەی یەکلاییکەرەوە، نەیانهێشت ئەردۆغان لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی تورکیا، پارتەکەشی دەنگەکانی لە ٧٪ کەمیکرد، هەروەها بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان پارتی چەپی سەوز توانی زیاتر لە ٦٠ کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن و ببنە سێیەمین هێز لە تورکیا.

هاوکات پارتی چەپی سەوز توانی زۆرترین ڕێژەی کاندیدی ژن سەربخات لە تورکیا، کە زیاتر لە ٣٠ ژن دەباتە ناو پەرلەمانەوە و ئەمەش بەسەرکەوتنێکی مێژوویی هەژمار دەکرێت، لە بەستێنی دیموکراسیدا لە تورکیا.

هـ.ح

Comments are closed.