پرۆژەیاسای بودجە ڕیسەکەی هەرێمی کردەوە بە خوری

بەپێی گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی عێراق کە لە بودجەدا کردوویەتی، حکومەتی هەرێم وێڕای ڕادەستکردنەوەی دۆسیەی نەوت بە سۆمۆ چەند بیرە نەوتێکیش لەدەست دەدات، بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەکانیش دەبن بە هاوبەش، بەگوێرەی یەکێک لە بڕگەکانیش، ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداد هەڵدەوەشێتەوە.

٢٥ی ئایار، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، كۆتا ڕاپۆرتی خۆی  لەسەر پرۆژەیاسای بودجە کۆتایی پێهێنا، هەریەک لە ماددەکانی ١٣و١٤ کە تایبەتە بە پشکی هەرێم لە بودجەدا، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی نوێی تێدا کرا، بە ئاراستەی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم و دەهێنانی تەواوەتی دۆسیەی نەوت لەدەستی هەرێمەوە بۆ دەستی عێراق.

بەگوێرەی گۆڕانکارییەکان، دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت، ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، بەبێ دەستلێدان لە کێڵگەکانی کەرکووک و موسڵ، بەم پێیەبێت حكومەتی هەرێم ناتوانێت نەوت لە کێڵگەی خورمەڵە دەربهێنێت و وەبەرهێنانی لەسەر بکات، لەکاتێکدا کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە ٤٥٪ی کۆی بەرهەم و داهاتی نەوتی هەرێم پێکدەهێنێت، هەروەها ڕۆژانە ١٧٥هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە داهاتەكە لە بانكێكدا دادەنرێت، تەنها بەڕەزامەندی وەزیری دارایی عێراق و بەچاودێریی لیژنەی چاودێری حكومەتی ناوەند، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەتوانێت، پارە لەو هەژمارە دەر بكات.

یەکێک لە بڕگەکانی ڕاپۆرتەکە، لە ماددەی ١٣ جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو خاڵانەی سەرەوە جێبەجێ نەکات، حکومەتی عێراقیش یەک دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان ناکات.

ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ خواستی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا، لەلایەن عێراقەوە، چونکە پێشتر هەرێمی کوردستان بە کێڵگەی نەوتی خورمەڵەشەوە، ڕۆژانە نزیکەی ٤٢٠هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، بەپێی بڕگەکانی هەمواری نوێی پرۆژەیاسای بودجە، حکومەتی هەرێم ناتوانێت ئەو بڕەی کە عێراق داوای دەکات ڕادەستی بکات، لەم بارودۆخەشدا عێراق بە پشتبەستن بە بڕگەی ‘ج’ لە ماددەی ١٣ی پرۆژەیاسای بودجە، بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانە ناکات و ڕێککەوتنەکەی نێوانیان هەڵدەوەشێتەوە.

هەروەها لەبەشێکی تری گۆڕانکارییەکاندا هاتووە، کە بەغدا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا بکات، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم لە بارودۆخێکیشدا هەر پارێزگایەک ناڕەزایەتی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەبێت سەبارەت بە بەشە بودجە و داوا لە بەغداد بکات، عێراق دەتوانێت ڕاستەوخۆ بەشە بودجەی ئەو پارێزگایە بە جیا بنێرێت.

هەروەها، پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێمی ساڵانە یان شەش مانگ جارێك ڕاپۆرتی خەرجكردنی داهاتی نەوت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت، جگەلەوەش لیژنەیەكی هاوبەشی لەنێوان هەردوولا پێك دەهێنرێت، بۆ پێداچوونەوە بە كێشەكانی پێشووی نەوت و غازی حكومەتی ناوەند و هەرێم.

ئاماژە بەوەش کراوە، دەبێت حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرەكانی و پارەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، بەپێچەوانەوە حكومەتی ناوەندی پشكی هەرێم ڕادەگرێت، ئەو كات حكومەتی ناوەند ڕاستەوخۆ پارەی پارێزگاكان دەنێرێت، هەروەها پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێم  و ناوەند پێكەوە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببەن.

لەكۆتا خاڵدا هاتوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە دانەوەی مانگانە ١٠٪ ی مووچەی پاشەكەوتی فەرمانبەرانی، تاوەكو ئەو كاتەی پاشكەوتەكە تەواو دەبێت.

ڕۆژی ١٣ی ئازاری ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گەورەترین بودجەی دارایی لە مێژووی وڵاتدا پەسەند كرد، كە بڕەکەی ١٩٧ ترلیۆن و ٨٢٨ ملیار دیناری عێراقی تێپەڕاند، كە دەكاتە نزیكەی ١٥٢.٢ ملیار دۆلار، بە كورتهێنانی كۆی گشتی ٦٣ ترلیۆن دیناری عێراقی، بە سوود وەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی جیهانیدا.

ب.گ

Comments are closed.