بۆیەکەمجار لە گەرمیان زەردەزێڕی دەچێنرێت و چارەسەریی پێدەکرێت

گەرمیان 

پەرستارێکی ڤێتەنەریی  بۆ یەکەمجار لەسنووری ئیدارەی گەرمیان، ڕووەکێک بەناوی “زەردەزێڕی” دەچێنێت، کە چارەسەریی سروشتییە بۆ چەندین نەخۆشی درێژخایەن، وەک فشاری خوێن و چەوری و خەمۆکی، ئەو پەرستارە دەڵێت: ڕۆنی ئەم ڕووەکە وەک ڕۆنی زەیتوون بەسوودە.

سەڵاح عەبدوڵا

سەڵاح عەبدوڵا، پەرستارێکی دانیشتووی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، دەستی بەکارێکی تایبەت بەخۆی کردووە، کارەکەشی چاندنی ڕووەکێکە کە لەلایەن پسپۆڕانی بواری ڕووەکناسییەوە بەناوبانگەو بەگرنگییەوە باسی ئەو ڕووەکە دەکەن.

ئەو پەرستارە لەگوندی چاڵەڕەش لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، لە ڕووبەری ۱٨۰ دۆنم زەوی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی، ڕووەکێکی چاندووە بەناوی  “زەردەزێڕی” ئەم ڕووەکە یەکەمجارە لەسەر ئاستی سنووری گەرمیان دەچێنرێت و سوودی لێوەردەگیرێت بۆ چارەسەریی.

زەردەزێڕی، لە دوو وەرزدا دەچێنرێت، مانگی چوار و ۱۱ دەچێنرێت بۆ کۆتایی مانگی ٦ و ٨ دێتە بەرهەم، ئەوەی لەمانگی چوار دەچێنرێت  پێویستی بەئاو دەبێت چونکە باران نامێنیت.

ئەو پەرستارە کە خاوەنى پڕۆژەکەیە دەڵێت: ئەم ڕووەکەى من چاندوومە ناوی زەردەزێڕییە، لە ئینتەرنێت بەرچاوم کەوت زیاتر لەخوارووی عێراق دەچێنرێت بەمەبەستی بەرهەمهێنانی ڕۆنی تەندروست، ئەم ڕووکە لەلایەن خەڵکی سووریاوە هێنراوەتە عێراق، زانیاریشم لەسەری لەلایەن یوتوبەرێکەوە بەناوی خالد ئەلساعدی وەرگرت و کڕیم.

خاوەنی پڕۆژەکە باس لەوە دەکات، دروێنەی ئەو ڕووەکە بە بەدەڕاسە دەکرێت، وەک گەنم و جۆ گووشینی ڕووەکەکەش بۆ دەرهێنانی ڕۆنەکەی بەئامێرێکی تایبەت دەکرێت.

سەبارەت بە گرنگی  ئەو ڕووەکە، خاوەنی پڕۆژەکە ڕوونی دەکاتەوە، ڕۆنەکەی هیچی لە زەیتی زەیتوون کەمتر نیە و بەهای خۆراکی و تەندروستی زۆر باشی هەیە و ڕێگریی لەنەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک فشاری خوێن، شەکرە دەکات هەروەها هاوکارە بۆ دابەزینی چەورییەکانی خوێن و لەش و دابەزینی کێش.

سەڵاح عەبدوڵا باس لەوە دەکات، ئەم ڕووەکە هیچ تامێکی نییە و خۆش نییە و ناخۆشیش نییە، بەڵام دەخورێت، بەرهەمێکی باشیشە بۆ هەنگەکان و هەڵاڵە و شیلەی هەیە، بەڵام پشت بەهەڵاڵەی دەبەسترێت بۆ گەشەی مێشکەکان بۆ دەستکەوتنی هەنگوینی زیاتر.

بەوتەی ئەو پەرستارە، سودێکی دیکەى ئەو ڕووەکە ئەوەیە، زەعفەرانەکەی زیاتر بۆ ڕەنگکردنی خواردن بەکاردێت و لەبازاڕە دەفرۆشرێت، هەروەها دەکرێتە ناو سابوون و لەڕووی بەکارهێنانی  وەک دەرمان بۆ خەمۆکی و ترس و دڵەڕاوکێ زۆرباشە، هاوکات چاکەشی وەک چای سەفەری و بابونج دەخورێت، بەتایبەت پێش خەوتن بخورێت زۆرباشە.

سەبارەت بە دەستکەوتنى تۆوی ئەو ڕووەکە، سەڵاح عەبدوڵا، ئەوەى ڕوونکردەوە، لەشاری بابلەوە کیلۆی بە۱۲٥۰ دینار هێناویانە بۆ گەرمیان، بەڵام لەبازاڕەکانی خۆیان کیلۆی بە ۱٥۰۰ دینارە و بەتەن کیلۆی ۱۰۰۰ دینارە.

هـ.ح

Comments are closed.