لە دژی هێرشەکانی سوپای عێراق بۆسەر کامپی مەخموور لە بەریتانیا گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو

لە دژی هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ تەلبەندکردن و دروستکردنی خاڵی سەربازیی، لە دەوروبەرى کامپی مەخمور، ژمارەیەک چالاکوان لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

لەگردبوونەوەکەدا داوایان کرد، هەرچى زووە سوپای عێراق هێرشەکانی بۆ سەر کامپی مەخموور ڕابگرێت .

لە ٢٠ی ئایارەوە سوپای عێراق هەوڵ دەدات گەمارۆى کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی لە مەخموور بدات و دەوروبەرى کامپەکە تەلبەند بکات و خاڵی چاودێریی سەربازیی دابنێت، لەبەرامبەردا دانیشتوانی کامپەکە لە بەرخۆدان دان و رێگەیان لە سوپای عێراق گرتووە.

بە مەبەستی شەرمەزار کردنی ئەو هێرشەی سوپای عێراق و دەربڕینى پاڵپشتی بۆ دانیشتوانی کامپی مەخموور، دوێنێ لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، بە دەستپێشخەریی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک – کەجەدەکەی ئەوروپا و کۆمسیۆنەکانی باشوور لە بەریتانیا و مالی گەل لە لەندەن و ئەنجومەنی ئازاد لە بەریتانیا گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

لە چالاکییەکەدا وێڕای شەرمەزارکردنی هەنگاوەکانى حکومەتی عێراق بەهۆی هەوڵەکانی بۆ تەلبەندکردنى دەوروبەرى کامپی پەنابەرانی مەخمور، سیاسەتی پەدەکەش بەرامبەر ئەو پرسە شەرمەزار کرا.

لە گردبوونەوەکەدا بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی چەندین دروشم دژی رژێمی ئاکەپە- مەهەپە و ئەردۆغان وترانەوە.

دواتر خۆپیشاندەران لە رێگەی نامەیەکەوە، کە رادەستی باڵیۆزخانەی عێراقیان کرد داوایان کرد هەرچى زووە سوپای عێراق هێرشەکانی بۆ سەر کامپی مەخموور ڕابگرێت و کۆتایی بە ئازاردانی دانیشتوانەکەى بهێنێت.

بەشداربوانى چالاکییەکە ڕایانگەیاند، لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکەیان هەڵوێستی جیاوازیان دەبێت و لە سەرتاسەری بەریتانیا و ئەورووپا دژی  ئەو هەوڵەی سوپای عێراق دەوەستنەوە.

ئ.م

Comments are closed.