دەشتی هەریر و باتاس یەکێک لە باشترین جۆرەکانی برنج بەرهەم دێنێت

باڵەکایەتی

وەرزی چاندنی برنجی كوردیی لە دەشتی هەریر و باتاس دەستی پێكردووە و ساڵانە ڕووبەری ٤٥٠دۆنمی خاكی ناوچەكە بە برنجی خۆماڵیی و كوردیی دادەچێنرێت و نزیکەی ٦٠٠تۆن برنج، کە یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی برنج بەرهەم دەهێنێت، چاوەڕوان دەكرێت، ئەمساڵ ڕێژەیەكی زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو بچێنرێت.

دەشتی هەریرو باتاس دەکەوێتە سنووری شارەدێی هەریر سەر شارۆچکەی شەقڵاوە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ساڵانە لە ڕووبەریی ١٠٠ هەزار و ٣٧٤ دۆنم زەوی كشتوكاڵیی، ٤٥٠ دۆنمی بە برنج دادەچێنرێت، بەرهەمی ساڵانەی برنج لە دەشتی هەریر و باتاس ٦٠٠ تۆنە و كار بۆ ئەوە دەكرێت، برنجی سنوورەكە بە براند بكرێت و هەموو ساڵێک ڕێژەی چاندنی برنج لە ناوچەکە زیاتر دەبێت لە چاو ساڵانیتر.

دەشتی هەریر ساڵانە جگە لە چاندنی جۆ و گەنم و نۆك ڕوبەرێكی زۆریش لە سنوورەكە دەكرێت بە برنج، كە جۆرەكەی یەكێكە لە باشترین برنجە كوردییەکان، كە ساڵانە خواستێكی زۆریی لەسەرە و ئەمساڵیش وابڕیارە ڕێژەیەكی زۆر زەوی كشتوكاڵیی سنورەكە بكرێت بە برنج.

سالار ئەحمەد

سالار ئەحمەد، جوتیارێكی ناوچەكەیە و ساڵانە بەڕێژەیەكی زۆر برنج لە دەشتی هەریر و باتاس دەچێنێت دەڵێت: ئێمە لە ناوەڕاستی مانگی ئایار دەست دەكەین بە كێڵان و دروستكردنی گۆلی مەرەزە بۆ چاندنی برنج، ئەم برنجەی ئێمە دەیچێنین برنجی سەدری و برنجی شەش مانگییە.

ئەو جوتیارە: ئاو و خاكی هەریریی بە گونجاو ناوبرد بۆ چاندنی برنج و وتی: ساڵانە بەڕێژەیەكی زۆر برنج لە لایەن خەڵكی سنوورەكە دەچێنرێت و ئەمساڵیش بەپێی ئەو زەویانەی كێڵدراون ڕووبەرێكی زیاتر لە ساڵانی پێش ئێستا دەچێنرێت، چونكە هەم برنجەكەی باشە و هەمیش خواستی زۆر لەسەر برنجی دەشتی هەریر و باتاسە.

ڕێژەی بەرهەمی برنج بەراورد بە دانەوێڵەكانی تر زۆر زیاترە، لە دەشتی هەریر و باتاس بۆ هەر تەنەكەیەك چەڵتوكی چێندراو ٥٠ تەنەكە لەسەر خەرمان دەداتەوە بە جوتیاران و هەر تەنەکەیەک چەڵتوكیش ٥٠ تا ٧٠ هەزار دینارە.

س.س

Comments are closed.