دایکانی مەخموور بە پێشەنگایەتی کردنی بەرخۆدان مێژوو دەنووسنەوە

دانیشتوانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی “مەخموور” بە پێشەنگایەتی دایکان و ژنان، بۆ ماوەی نۆ ڕۆژە لە دژی هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ تەلبەندکردنی کامپەکە، بە شەو و ڕۆژ لە بەرخۆداندان،

دایکانی مەخموور وەک هەمیشە بوونەتە چرای ڕێنیشاندەر و پێشەنگایەتی بەرخۆدانی پەنابەرانی کامپەکە دەکەن، لە دژی دهێرش و گەمارۆ و فشارەکانی عێراق، دایکان لە  ڕیزی پێشەوەی بەرخۆدانەکەدان و بەم ڕۆڵگێڕانەشیان مێژوو دەنووسنەوە و وێنای ژن دەبەنەوە سەر وێنا ڕاستەقینەکەی خۆی لە مێژوودا.

ئەمجارەش بەشێوەیەکی ڕێکخستن کراو، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان دابەشکردووە، بەشێکیان خواردن بۆ چادرەکانی بەرخۆدان ئامادە دەکەن، زۆرینەشیان لەبەردەم هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا بە ورە و ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕاوەستاون و پەیامی ئەوەیان پێدەدەن:” هیچ کات ئامادەنین ملکەچی پیلان و ویستەکانی داگیرکەران ببن”.

ڕۆژی ٢٣ی مانگ، شاندی دایکانی کامپی مەخموور لەگەڵ بەرپرسانی سوپای عێراق لە سنوورەکە کۆبوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا داواکارییەکانی خەڵکی کامپەکەیان پێشکەش بەرپرسانى سوپای عێراق کرد، لەبەرامبەردا لایەنی بەرامبەر ڕەزامەندیان نیشاندا، کە جارێکی دیکە لەسەر ئەو داواکارییانە گفتوگۆ بکەن.

دوای ئەو کۆبوونەوەیە ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانى عێراقی پێیان ڕاگەیاندوون، کۆبوونەوەیەکى جیاواز و گرنگ بووە لەسەر داواکارییەکانی دانیشتوانی کامپەکە ئەنجامبدەن.

هەروەها فیلیس بوداک هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخموور بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئامانجی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان خستنەڕووی داواکارییە ڕەواکانی دانیشتووانی کامپەکەیە، کە خاڵی سەرەکییان ئەوەیە بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن دەوروبەری کەمپەکە  تەلەبەند بکرێت.

دانیشتوانی مەخمووریش بەوەرگرتنی ئەو وزە بوێرانەیەی دایکان، دژی ئەو گەمارۆیە لە کەشوهەوای گەرمدا و لەژێر تیشکی بەتینی خۆردا بەردەوامن لە بەرخۆدان و دەڵێن: هەرگیز ڕێگە نادەین ناوچەی دەوروبەریی کامپەکە لەسەر داوای دەوڵەتی تورک تەلبەند بکرێت و ئەو خواستەیان بۆ بێتە دی.

سەرباری هەموو ئەو کۆبوونەوە و بەڵێنانەی کە لەلایەن بەرپرسانی عێراقیەوە دراون، سوپای عێراق لە ٢٠ی ئایارەوە هەوڵدەدات کامپی پەنابەرانی مەخموور تەلبەند بکات، بۆ ئەوەش سەدان سەرباز و ئۆتۆمبێلی زرێپۆیان، بۆ دەوری کامپەکە ناردووە و سوورن لەسەر گەمارۆدانی کامپەکە، پەنابەرانی مەخمووریش سوورن لەسەر بەرخۆدان .

ش.ئ

Comments are closed.