فراکسیۆنی یەنەكە لە پەرلەمانی عێراق لە وەڵامی پەدەكەدا ڕایدەگەیەنێت، ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا موزایەدە بەسەر ئەوانەوە بکات و دەشڵێت: مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر ھەرێم پەرتەوازەیی و ئاژاوەی سیاسی و گوتاری بوغرایی ئاست نزمە.
لە بەرامبەر ڕاگەیەنراوەکەی فراكسیۆنی پەدەكە و هێرشی بەرپرسانی ئەو حزبە بۆسەر یەنەكە و فراكسیۆنەكەی لە بەغدا، فراکسیۆنی یەنەكە لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیەندراوی فراکسیۆنى یەنەکەدا هاتووە: ماوەی چەند ڕۆژێکە بەزمانێکی نەشیاو و نەگونجاو لەگەڵ پایە و سەنگی پەرلەمانتاری، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامە و لێدوان بڵاودەکەنەوە، دەیانەوێ خەڵکی کوردستان چەواشە بکەن خەریکی موزایدەی سواون، لەبەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و موراعەتکردنی ھەستیاری دۆخەکە وسەرقاڵبوونمان بە چەسپاندنی داوا ڕەواکانی خەڵک لە بودجە، نەمانوویست وەڵامبدەینەوەو بچینە ئاستی ئەو زمانە نزم و نەشیاوەی ئەوان.
فراكسیۆنی یەنەكە دەشڵێت: ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ لە مەسەلەی بەرگریی کردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لەبەغدا و پاراستنی ھەرێمی کوردستان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا موزایدە بەسەر ئێمەوە بکات، ھیچ ھێزێکی کوردستانی ھێندەی ئێمە پەرۆشی یەکڕیزیی کوردستان نەبووە لە بەغدا، ئەوە ئێمە نەبووین لەبەر پۆست و بەرژەوەندی تەسکی حزبی یەکریزیی بشکێنین.
سەبارەت بە دەنگۆی پەیوەندی کردنى قوباد تاڵەبانیش بە پەرلەمانتارانی عەرەبەوە، فراکسیۆنى یەنەکە باسی لەوە کردووە، ھیچ بنەمایەکی نییە و ھەڵبەستراوە، کاک قوباد تەنھا پەیوەندی بەنوێنەری یەکێتی لە لیژنەی دارایی کردووە و ڕێنمایی کردووە کە بۆ چەسپاندنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەوڵبدات.
لە کۆتاییدا فراکسیۆنى یەنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ڕێگا ڕاستەکە تەبایی و یەکڕیزیی کوردستانی ڕاستەقینەیە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، مەترسی ڕاستەقینەش لەسەر ھەرێم پەرتەوازەیی و ئاژاوەی سیاسی و گووتاری بوغرایی ئاست نزمی سیاسییە.
س.س
Comments are closed.