سودانی خراپی ئیدارەدانی ئاو دەستنیشان دەکات و كشتوكاڵ سنووردار دەكات

سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاودا كۆبوویەوە و كەموكورتییەکانی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاوی دەستنیشان كرد، هاوكات جەختی کردەوە لە جێبەجێكردنی پلان و بەکارهێنانی ئامێری ئاودێریی و كشتوكاڵیی پێشکەوتوو، لەپێناو بەفیڕۆنەچوونی ئاودا.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیران لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو، دەربارەی بەفیڕۆچوونی ئاو لە بەكارهێنانی بۆ كەرتی كشتوكاڵ، هەروەها بەكارهێنانی سیستەمی پێشكەوتوو بۆ ئاودێریی كردنی كشتوكاڵ بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی كرد و  لەگەڵ وەزیر و بەڕێوەبەرانی گشتی كۆبوویەوە، لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لە دۆخی ئاو و ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە لەكەرتی ئاودا كردووە، هەروەها باس لەو ڕێوشوێنانە كراوە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە گیراوەتەبەر.

ئاماژە بەوەشكراوە، نابێت تەنها هەوڵەكان لەچوارچێوەی وەزارەتدا سنووردار بێت، بەڵكو پێویستی بە كۆكردنەوەی هەوڵی تەواوی دەوڵەت هەیە، چ لە ناوخۆ بێت چ لە دەرەوە بێت، هەروەها لەپێناو بەفیڕۆنەچوونی ئاو لە بەنداوەکاندا، تەكنەلۆجیای سەردەم بەکاربێت لە كارپێكردنی سیستەمی ئەلیكترۆنی بۆ بەنداوەكان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆك وەزیران باسی لە گرنگی دەركردنی یاسای تایبەتی بۆ لابردنی خراپ بەكارهێنان و سزادانی سەرپێچیكارانی دۆسیەی ئاو كردووە، هەروەها ڕێكارەكانی پەیوەست بە لابردنی ئەو زیادەڕۆییانە، كە لەلایەن دەریاچە بێ مۆڵەتەكانەوە دروستكراون.

ئەوەش هاتووە تێیدا، ڕێوشوێنی خێرا گیراوەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگییەكانی وەرزی هاوین، هەروەها پلانی كشتوكاڵی بۆ وەرزی نوێ سنووردار دەبێت بەو جووتیارانەی كە شێوازی سەردەمیانە بۆ ئاودێری دەگرنەبەر.

هەروەها جەختی لە پێویستی بەردەوامبوونی چاكسازی لە وەزارەتەكاندا كردەوە، دەشڵێت، درێخی ناكەن لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

هـ.ئ

Comments are closed.