هەڵەبجە
بەهۆى ڕێگریی کردن لە کارکردنیان، ئەمڕۆ ژمارەیەك لە دەستگێڕ و کاسبکاری ناو بازاڕی هەڵەبجە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوایان کرد، ڕۆژانە تەنها چوار كاتژمێر ڕێگەیان پێبدرێت لەناو بازاڕدا کار بکەن .
ئەمڕۆ لەبەردەم سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە، ژمارەیەك كاسبكار و دەستگێڕی ناو بازاڕی ئەو پارێزگایە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

لە ناو گردبوونەوەکەدا فاروق محەمەد، كاسبكارێكی ناو بازاڕی هەڵەبجەیە بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی، ژیان و گوزەرانمان لەسەر ئەو دەستگێڕیی و عارەبانانەیە و داوا دەكەین ڕێگەمان پێبدەن ڕۆژانە چوار كاتژمێر كار بكەین لەناو بازاڕدا.
ئەو کاسبکارە وتیشی، زیاتر لە مانگێكە ڕێگەی كاركردنیان لێگرتووین و ئەو شتانەی دەیهێنین لەسەر عارەبانەكان نافرۆشرێت و خراپ دەبێت و بە ناچاریی فڕێی دەدەین.
لەبارەى ڕێگە پێنەدانیان بۆ کارکردن فاروق محەمەد ئاماژەى بەوەشکرد، نازانین بۆچی ڕێگریمان لێ دەكەن کار بکەین، لەکاتێکدا بەربەستێكیان بۆ دروستكردوین و ناهێڵن بچینە ناوبازاڕ.
جێگەى ئاماژەیە، ئەو كاسبكارانە وەک خۆیان دەڵێن، ژمارەیان نزیكەی ١٥٠ كەس دەبێت، كاریان دەستگێڕیی و فرۆشتنی سەوزە و میوەیە و بەشێكیان بەهۆی ڕێگریی لە ئەنجامدانى کارەکەیان لە ئێستادا بێكاربوون.
ئ.م
Comments are closed.