سەرکەوتنێک بە تامی شکست بۆ ئەردۆغان

لە پاش ڕۆژێكی درێژی پڕ لە ململانێ و کێبڕکێ، وێڕای هەموو ساختەکاریی و پێشێلکارییەکانی ئەردۆغان و ئاکەپە، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، بە جیاوازییەکی کەم ئەردۆغان دووبارە هەڵبژێردرایەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا.

ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا دەستیپێکرد، تا کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە لە هەر ٨١پارێزگاکەی تورکیا هەڵبژاردن بەردەوام بوو.

هەڵبژاردنی ئەمجارە بەپێچەوانەی گەڕی یەکەمەوە، بە سستی بەڕێوەچوو، بەڵام هاوشێوەی گەڕی یەکەم، بە هێرش و ساختەکاریی و پێشێلکارییەکانی ئەردۆغان و ئاکەپە دەستیپێکرد.

لەم خولەدا، لە ناوەوە و دەرەوەی توركیا، ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیە زیاتر لە سێ ملیۆنیان لە دەرەوەی توركیا دەنگیاندا، کە لە ٢٠ تا ٢٤ـی ئایار دەنگی خۆیاندا، ئەمڕۆش زیاتر لە ٦٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، ١٩١ هەزار سندوق ئامادە کرابوو.

چاودێرانی ناوەندەکانی هەڵبژاردن، چەندین ساختەکاریی ئاکەپەیان ئاشکرا کرد، لە بەکارهێنانی دەنگی کەسی مردوو، بەکارهێنانی کارتی ساختە بۆ دەنگدان بە ئەردۆغان، دەنگدان بۆ ئەردۆغان لە بری ئەو کەسانەی کە بەشداریی هەڵبژاردنیان نەکردبوو.

ئاکەپە هێزی سەربازیی بردە سەر چەند ناوەندێکی هەڵبژاردن بەتایبەتی لە گوندەکانی باکووری کوردستان، لە چەند ناوەندێک بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک پرۆسەی دەنگدانیان وەستاند و چەندین جار هێرشیان ئەنجامدا.

هەروەها لایەنگرانی ئاکەپە لەبەردەم ناوەندەکانی هەڵبژاردندا دانرابوون بۆ ئەنجامدانی پێشێلکاریی و بانگەشە کردن بۆ ئەردۆغان، لەهەمان کاتدا هێرشیان دەکردە سەر ئەندام و پەرلەمانتار و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن و پارتی چەپی سەوز.

لە گوندی ماڤان لە ناوچەی ڕووبارۆک لە هەکاری، کۆمەڵێک پارێزەر و پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز، لەلایەن ئاکەپەییەکانەوە پەلامار دران و هێرشیان کرایە سەر، دواتر ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی چەکدار چوونەتە ناو باخچەی قوتابخانەکە و پۆلیس بۆ ماوەی نیو کاتژمێر کاری دەنگدانی ڕاگرتووە، ئەوەش لەلایەن چاودێرەکانەوە تۆمار کراوە، هەروەها کەسانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوەندەکانی دەنگدان کراونەتە دەرەوە و ڕێگایان پێنەدراوە دەنگ بدەن.

وێڕای ئەو هەموو فشار و ساختەکارییە، ئەردۆغان لە زۆربەی شارە گەورەکان بەتایبەتی لە باکووری کوردستان شکستیهێنا و ژمارەی دەنگەکانی کڵیچدار ئۆغڵوو زیاتر بوو، وەک شارەکانی (ئەنقەرە، ئەردەخان، قارس، ئیغدر، ئاگری، وان، شرنەخ، سێرت، بەدلیس، ماڕەش، مێردین، باتمان، ئامەد، دەرسیم، هاتای، ئەدەنە، مەرسین، ئەنتالیا، موگۆل، دەنیزلی، ئایدن، ئیزمیر، ئەدرنە، تیکرداغ، ئیستەنبوول، ئەسکیشەهیر) لە هەموو ئەم شارانەدا دەنگی کڵیچدار ئۆغڵوو زیاتربوو.

لەم هەڵبژاردنەدا لە چاو گەڕی یەکەم، ڕێژەی دەنگەکانی کڵیچدار ئۆغڵوو زیادی کردووە، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا، ڕێژەی بەشداریی کردنی دەنگدەران کەمتر بووە، کە نزیکەی  ١٥٪ی خەڵک بەشداریی هەڵبژاردنیان نەکردووە و دەنگیان نەداوە، لەم خولەدا.

پەیامەکانی دوای هەڵبژاردن

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی نافەرمی هەڵبژاردن، ئەردۆغان لە ئەستەنبووڵەوە هاتە ناو جەماوەرەکەی و وتی: دەسەڵاتی من تا گۆڕە و بە وتنەوەی دروشمی فاشیزمانە ئاهەنگی گێڕا.

دواتر کڵیچدار ئۆغڵوو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە نادادپەروەرانەترین و نا دیموکراسییانەترین هەڵبژاردندا تێپەڕین، بەڵام لەبەرامبەر فشار و ترس و تۆقاندنی نا ئەخلاقی و نا یاساییدا سەرمان نەچەماندەوە، لەهەمانکاتدا گەل ئیرادەی گۆڕینی ڕژێمی دەسەڵاتخوازیی نیشاندا، داوا دەکەم لەو ٢٥ ملیۆن کەسەی دەنگیان بە ئیرادەی دیموکراسیی داوە لەسەرپێ بمێننەوە و بەردەوام بن لە تێکۆشان.

هەروەها سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاو کردەو و وتی: لە ڕاستیدا هەڵبژاردن نەبوو بەڵکو ئۆپەراسیۆنێکی گەورەبوو، بەڵام وێڕای هەموو ساخاتەکاریی و فشار و هێرش و پێشێلکارییەکان گەل نیشانیدا گۆڕانکاریی دەوێت، بێ هیوا مەبن ئێمە نەکەوتین و هیچ کاتێک ڕادەست نابین و بەردەوامیی بە تێکۆشان دەدەین.

ب.گ

Comments are closed.