لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی عێراق، ململانێی توند کەوتووەتە نێوان هێزە سیاسییە سوننەكانی عێراقەوە، زەقترینیان لە نێوان سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی پارتی تەقەدوم و پارتی عەزم-دایە.
سەبارەت بە قوڵبوونەوەی كێشە و ململانێكانی نێو ماڵی سوننە و كاریگەرییەكانی لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاكان و پەرلەمانی عێراق، بەشێک لە سیاسەتمەدارانی عێراق بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
فەیسەڵ عیساوی، سیاسەتمەداری سوننە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ناسەقامگیری سیاسیی ساڵانێكە تایبەتمەندییەكی ماڵی سوننە بووە، هەروەها هێزە سوننییەكان بەدەست نەبوونی بەرنامەیەكی ڕوونەوە دەناڵێنن، وە نەبوونی بەرنامەی بەڕێوەبردن لەماڵی سوننەدا وای لە هەمووان كردووە بەدوای سەركردایەتییەکی نوێدا بگەڕێن بۆ سوننە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هاوپەیمانی سەروەریی، لەلایەن پارتی تەقەدومەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و كێشەی تێدایە، لەئێستادا دۆخی سیاسی سوننە لە پەرلەمان بووە بەسێ لقەوە، دەشڵێت: گۆڕینی یەكێك لە سێ سەرۆكایەتییەكەی پەرلەمانی كارێكی ئاسان نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕینی حەلبوسی پێویستی بە كەشێكی نیشتمانیی و دۆخێكی نیشتمانیی هەیە، بەڵام تائێستا هیچ دەستپێشخەرییەکی وەها نییە بۆ گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان.
هەرلەمبارەیەوە حەیدەر مەلا، پەرلەمانتاری پێشووی سوننە وتی: هەوڵی جددی لە نێو ماڵی سوننە هەیە، بۆ گۆڕینی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە دوای پەسەند كردنی بودجەی عێراق.
ڕوونیشی كردەوە، حەلبوسی ڕۆڵی پارتی دەسەڵاتداری لە پارێزگا سوننییەکاندا بینیوە، نەیتوانیوە مۆدێلێكی سیاسیی نوێی گونجاو پێشبخات، كە جەماوەر لە دەوری خۆیدا كۆ بكاتەوە، لەبەرامبەردا هەوڵی دوورخستنەوەی نەیارانی سیاسی دەدات، لە بەرامبەر پاراستنی پۆستەكەی خۆیدا.
باسی لەوەشكرد، دوای تەواوبوونی پەسەند كردنی بودجەی عێراق، بڕیارە ماڵی سوننە سەرجەم دۆسییەكانی پەیوەست بە حەلبوسی و سەرۆكایەتی پەرلەمان بكاتەوە.
هەرلەم بارەیەوە ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیا ناوخۆییەكانی عێراق ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی سوننە، كە حەلبوسی داوای دروستكردنی كردبوو، بەهۆی بۆچوونە ناكۆكەكانەوە شكستی هێناوە ، دەشڵێت، دوای سێ كۆبوونەوەی نێوان حەلبوسی و سودانی هێشتا ململانێكانی نێوانیان بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، حەلبوسی قەبارە و مەودای دەسەڵاتەكانی لە سەردەمی حكومەتەكانی عادل عەبدولمەهدی و مستەفا كازمیدا زیادیكرد، لێرەشەوە دەستیكرد بە دەستوەردان لە دانانی پارێزگار و سەركردە ئەمنییەكان.
ماڵی سوننە خەریكە دەگۆڕێت بۆ بەرەیەكی ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان سەركردە سیاسییەكانی ناو خۆییدا، لێدوانی میدیایی نێوان سەركردە سیاسییە سوننەكان بە شێوەی دوژمنایەتی و ڕق و كینە دژی یەكتر دەردەکەوێت.
وابڕیارە کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەمەش بەگوێرەی بڕیاری پەرلەمانی عێراق.
هـ.ئ
Comments are closed.