وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق بڵاوی كردەوە، یەدەگی ستراتیژی ئاوی عێراق، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، حەوت ملیار مەتر سێجا كەمی كردووە، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە و ڕووبەڕووی کەرتی كشتوكاڵ دەبێتەوە لە هاوینی ئەمساڵدا.
سەبارەت بەكەمبوونەوەی ئاوی یەدەگی عێراق و دروستبوونی مەترسی لەسەر كشتوكاڵ و بەرنەدانەوەی پشكی ئاوی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، عەون زیاب وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.
عەون زیاب ڕایگەیاند، یەدەگی ستراتیژیی ئاوی وڵات بەراورد بە ساڵی ڕابردوو حەوت ملیار مەتر سێجا كەمی كردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ مەترسییەكی گەورە کە ڕووبەڕووی كەرتی كشتوكاڵ دەبێتەوە لە هاوینی ئەمساڵدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، توركیا ئاوی ڕووباری فوراتی لەسەر سنووری سوریا زۆر سنووردار كردووە، كە بە ڕێژەی ٥٠٪ كەمترە لەوەی كە لەسەری ڕێككەوتبوون، هەروەها كەمبوونەوەی بڕی ئاوی عەمباركراو، مەترسی بۆ سەركشتوكاڵ دروست دەكات.
ئەوەشی خستەڕوو، مەترسییەكان بەتایبەتی لەسەر بەروبوومی برنجە لە ناوچەكانی فوراتی ناوەڕاست، كە لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بەچاندنی دەكەن، لەئێستادا دەتوانن تەنها لە سێ هەزار دۆنم برنج بچێنن، دەشڵێت، ئەو ڕووبەرەی زۆر بوچوكە بە بەراورد بە كۆی ڕووبەری چاندنی برنج كە ٣٠٠ هەزار دۆنمە.
بەهۆی دروستكردنی چەندین بەنداوی گەورە لەلایەن دەوڵەتی داگیركەریی توركەوە، لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات، ماوەی چەند ساڵێكە عێراق بەدەست قەیرانێكی وشكەساڵی توندەوە دەناڵێنێت، ئەمەش كاریگەریی زۆر خراپی كردووەتە سەر كەرتی كشتوكاڵی عێراق.
هـ.ئ
Comments are closed.