خۆپیشاندانى کاسبکارانى هەولێر لە سێیەم ڕۆژدا بەردەوامە

هەولێر

کاسبکارانى عەلوەى شاری هەولێر، بۆ سێیەم ڕۆژە لەسەر یەک بەردەوامن لە خۆپیشاندان و ڕێگاى سەرەکى موسڵ- هەولێریان داخستووە، کاسبکاران دەڵێن: عەلوەیەکى نوێ لەلایەن کەرتى تایبەتەوە دروستکراوە و ڕێگریی لە کارەکانى ئێمە دەکەن.

کاسبکارانى عەلوەى هەولێر لەبەردەم “گۆڕەپانی شوتى فرۆشان” لەعەلوەی هەولێر، بۆ سێیەم ڕۆژە لەسەریەک بەردەوامن لە خۆپیشاندان و ڕێگاى سەرەکى موسڵ- هەولێریان داخستووە و لە ئێستادا بەشداربووانى گردبوونەوەکە ڕێگا بە هاتوچۆى هیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێک نادەن.

وەک بەشێک لەو کاسبکارانە خۆیان دەڵێن، عەلوەیەکى نوێ لەلایەن کەرتى تایبەتەوە دروستکراوە و بەوهۆیەوە ڕێگریى لە کارەکانى ئێمە دەکەن، هەربۆیە ئەمڕۆ گردبوونەتەوە و شەقامەکەیان داخستووە.

لەماوەى ڕابردوودا لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، دروستکردنى عەلوەى نوێی هەولێر درا بە کۆمپانیایەکى تایبەت، بەوهۆیەشەوە بەشێکى زۆر لە کاسبکارانى عەلوە کۆنەکەى هەولێر ناڕەزایەتییان نیشاندا، چونکە چیتر ڕێگایان پێنادرێت لەو مەیدانەدا کاربکەن.

ئ.م

Comments are closed.