وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆی گەرمیان دەستی پێکرد

گەرمیان

سایلۆی گەرمیان لە ئەمڕۆوە دەستیان کرد بە وەرگرتنى گەنمى جوتیاران و ئەو ڕێژەیەشى بۆیان دیاریکراوە وەریگرن بریتییە لە ٣٦ هەزار تۆن گەنم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیانیش دەڵێت: ئەمساڵ ١٤٣ هەزار و ٢٥٢ تۆن گەنم بەرهەم هاتووە.

ئەمڕۆ، بنکەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆى گەرمیان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان کرایەوە و لەو چوارچێوەیەدا گەنمی جوتیاران بەپێی ئەو ڕێژەیەی بۆیان دیاریکراوە وەری دەگرن.

کاروان ڕەئوف

لەوبارەیەوە، کاروان ڕەئوف، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە ئەمڕۆوە دەستمان بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کردووە و بەپشت بەستن بە نوسراو یان پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، کە بۆمان دیاری دەکرێت لە هەر دۆنمێک چەند کیلۆ گەنمێک وەردەگرین.

وتیشی، ئەو بڕە گەنمەی ئەمساڵ وەریدەگرین بریتیە لە ۳٦ هەزار تۆن، بەپێی ئەو داتایانەی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیانەوە بەئێمە دراوە، ئەمساڵ ۱٤۳ هەزار تۆن گەنم بەرهەم هاتووە و ئەو جوتیارانەی گەنمیان لێوەردەگیرێت لە سایلۆی کەلار، لەماوەی یەک ڕۆژ تا هەفتەیەک پارەیان پێدەدرێت.

 بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەشدا، بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی ٨٥۰ هەزار دینار دیاری کراوە، ڕۆژانە زیاتر لە ٤۰ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر گەنم وەردەگرین، واتە بەرهەمی ٨۰ بۆ ۹۰ جوتیار وەردەگیرێت لە سایلۆکەمان.

کاروان ڕەوف دەشڵێت، ئەمساڵ وەرگرتنی ڕێژەی گەنم زیاترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو بەهۆی وشکەساڵییەوە، بەرهەمی گەنم لە زەوییە دەێمەکان کەم بوو، تەنها زەوی بەرئاو بەرهەمی هەبوو.

لە کۆتاى قسەکانیدا بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان ئەوەى خستەڕوو، ساڵی ڕابردوو ۱٦ هەزار تۆن گەنممان وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی زۆری بارانی ئەمساڵ و بەرهەمی زۆرەوە نزیکەی لە ۳٥٪ گەنمی جوتیارانى سنوورەکەمان وەردەگرین .

شادیە حسێن

شادیە حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان بە ڕۆژنیوزی وت، لە سنوورەکەمان یەک ملیۆن و ٤٣٣ هەزار دۆنم زەوی هەیە و لەو ڕووبەڕە ۱۱۱هەزاری بەرئاوە و ئەوی دیکەی دێمە.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان ئاماژەى بەوەشکرد، ئەمساڵ ١٤٣ هەزار و ٢٥٢ تۆن گەنم بەرهەم هاتووە و لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو ٤۰ هەزار تۆن بەرهەممان هەبووە لە گەرمیان، هەرچەندە ئەو ڕێژە وەرگرتنەى بۆمان دیاریکراوە زۆر کەمە.

ئ.م

Comments are closed.