“تا بەرپرسان و کوڕەکانیان چەک نەکرێن کوشتن بەردەوام دەبێت”

 سۆران

بەربڵاویی چەک و بەکارهێنانی لە لایەن بەرپرسانى حزبیی و کوڕەکانیان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە دیارەکانەوە، نیگەرانی لای خەڵک دروست کردووە، چونکە بووەتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى ڕووداوەکانی تەقەکردن و کوشتن، شارۆچکەى سۆرانیش یەکێکە لەو ناوچانەى، ئەم دیاردەیەى تێدا بەربڵاوە و لایەنە سیاسییەکانیش داوای سنووردار کردن و داماڵین چەک دەکەن.

دیاریدەى چەکداریی و هەڵگرتنی لەلایەن خەڵکی مەدەنییەوە، لە هەرێمی کوردستان بەربڵاوە، لەگەڵ تێپەڕینی کات و کرانەوەى هەرێم بەڕووی دونیایدا، هێشتا ئەو دیاریدەیە نەک کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو لەسایەی بەرپرسان و کوڕ و کەسە نزیکەکانیانەوە زیاتر بووە، ئەمەش لەلایەن بەشێک لە یاساناسان و پارێزەرانەوە وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى ڕووداوەکانى تەقەکردن و کوشتن سەیر دەکرێت.

پەرلەمانی کوردستان ساڵی ٢٠٢٢ یاسایەکی تایبەتی بە هەڵگرتنی چەک لە هەرێمی کوردستان دەرکرد، ئەویش یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ و ڕێنمایی ژمارە ( ٥ و ٦ )ی ساڵی ٢٠٢٣ی وەزارەتی ناوخۆیە، کە تایبەتە بە کۆنترۆڵکردنی چەک و مۆڵەتدان بە چەکی بێ مۆڵەت، پێشتر چەند هەڵمەتێکی داماڵینی چەک بەڕێوەچووە، بەڵام تائێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.

لە کۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ نوێنەری سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی سنوورەکە کۆبوویەوە و داوای کرد حزبەکان چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت بکەن، تاکو مۆڵەتیان پێ بدرێت و لای خۆیان هەڵی بگرن، بەڵام لایەنە سیاسییەکان دەڵێن: حکومەت توانای نییە چەک لە بەرپرسانی حزبی و سەرۆک عەشیرەت و کوڕە بەرپرسەکان دابماڵێت

ئێستا لە شارۆچکەى سۆرانی ناوەندی ئیدارەى سۆران، کۆتایی هێنان بە دیاریدەی چەکداری بەتایبەت لەناو بەرپرسان و کوڕ و کەسە نزیکەکانیان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بووە بە داواکاری خەڵک و زۆرینەى لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەش بەشێک لەو لایەنانەی سنوورەکە، داوا دەکەن داماڵینی چەک و بەمۆڵەت کردنی چەکی بێ مۆڵەت لەناو خۆیان و بەرپرسانی حزبی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێ بکەن.

حەسەن بابەکر

حەسەن بابەکر، کارگێڕی مەڵبەندی کۆمەڵی دادگەرییە لە سۆران و دەڵێت: ئێمە داواکارین دیاردەی چەکداری لەناو خەڵک نەمێنێ، هەرچەندە لە وڵاتان یاسای جیاواز هەیە، وڵات هەیە مافی بەخەڵکی داوە چەکی هەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا تاوانی زۆر دەکرێت، پشتگیریی لەهەموو هەوڵێک دەکەین بۆ کەم کردنەوەی.

بەرپرسەکەى کۆمەڵ باس لەوە دەکات، ئەوانەی تاوان بەچەک دەکەن یان چەکیان لایە و دەبێت چەکیان لێ وەربگیرێتەوە، سەربە هەردوو حزبی دەسەڵاتن، پێشیوایە، ئەگەر دادپەروەریی هەبێت دەبێت لەوانەوە دەست پێ بکرێت، چەکیان لێ وەربگیرێت و هەڵگرتنی چەک بە یاسا ڕێکبخرێت، ئەوکاتە لای خەڵکیش ئاسایی دەبێتەوە کە چەک ڕادەستی حکومەت بکاتەوە، ئەگەر نەتوانن چەک لەو بەرپرسە وەربگرن ئەوا ناشتوانن یەخەی خەڵکی هەژار بگرن.

سەرهەنگ قاسم

سەرهەنگ قاسم، کادیرێکی یەکگرتووی ئیسلامییە ئاماژە بەوە دەکات، حزبەکەی ماوەی ٣٠ ساڵە چەکی داناوە، چونکە باوەڕی بەهێزی چەک نەماوە، لەوەشدا سەرکەوتوو بووە، بەو پێیەى لەبەرپرسەکانی خۆیەوە دەستی پێکرد.

ئەو باس لەوەش دەکات، ئەوەی کێشەیە، ئەمڕۆ بەرپرسەکان و کوڕە بەرپرسەکان و سەرۆک عەشیرەت و بنەماڵەکان، دنیایەک چەکیان لەماڵەوە هەیە و بۆ کوشتن و یەکلایی کردنەوەی کێشەکان بەکاری دەهێنن، ئەگەر گەورەکان و کەسایەتی و پیاوماقوڵ و بەرپرسە حزبییەکان دەست لەچەک هەڵبگرن، هاوڵاتی ئاسایی تەنیا پێویستی بە یاسایەک هەیە.

بەرپرسەکەى یەکگرتوو، داوا لە بەرپرسانی حکومەت دەکات، با لەخۆیانەوە دەست پێ بکەن و ئەو چەکانەی لەماڵەوە هەیانە دایبنێن، بۆیە دەڵێت: هەرکاتێک حکومەت توانی چەک لە بەرپرسانی حزبی و کەسانی دەستڕۆیشتوو و کوڕە بەرپرسەکان وەربگرێت، ئەوا کۆمەڵگایەکی پڕ لە ئاشتی و دوور لە کوشتن و تاوانمان دەبێت.

هـ.ح

Comments are closed.