قاسم ئەعرەجی و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبوونەوە

ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە تاران لەگەڵ سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران كۆبوونەوە و باسیان لە پرسە ئەمنییە هاوبەشەکانیان و گرنگترین پێشهاتەكانی ناوچەكە كرد، بەتایبەتی جێبەجێ كردنی ڕێككەوتنی ئەمنی ئەم دواییانەی نێوان هەردوو وڵات.

نوسینگەی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەبارەت بە سەردانەكەی قاسم ئەعرەجی بۆ تاران و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئێران بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان قاسم ئەعرەجی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە، ئاسایشی عێراق بە ئاسایشی ئێران دەزانین، ئاسایشی ئێرانیش ئاسایشی عێراقە، هەروەها باس لە خێراكردنی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانەی نێوانیان كراوە، بەتایبەتی ڕێككەوتنە ئابووری و ئەمنییەكان، چونكە بنەمایەكە بۆ سەقامگیریی و پێشكەوتنی هەردوو وڵات.

ڕوونیشی كردەوە، ڕێككەوتنی ئەمنی لەسەر داوای ئێمە بووە، چونكە ئێمە سەقامگیریی و گەشەسەندنی ئێران و عێراق بە گەرەنتییەك بۆ باشتركردنی ئاسایشی نەتەوەیی هەردوو وڵات و بنەمای ئاشتی و پێشكەوتن لە ناوچەكە دەزانین.

عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران ڕایگەیاندووە: سیاسەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە پاڵپشتی لە حكوومەتی عێراق كردووە، هەروەها ڕێككەوتنەكەی بە گونجاو و ستراتیژی وەسف كرد، جەختی لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی كردەوە.

دەشڵێت، چاوەڕوانین حكومەتی عێراق بە زووترین كات ئاسایشی سنوورەكانی وڵات لەگەڵ ئێران مسۆگەر بكات، وە كۆتایی بە بوونی گرووپەكانی دژ بە ئێران بهێنێت، هەروەها لە بەدواداچوون و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی دیكەی نێوان ئێران و عێراق و بە تایبەت ڕێككەوتنە ئابوورییەكانی نێوان دوو وڵات بەردەوام دەبن.

لە كۆتایشدا وتی، ئیرادەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بریتییە لە فراوانبوون و قووڵبوونەوەی هەمەلایەنە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت عێراق و ئێمە ئامادەین بۆ هاوكاری و كاری دوولایەنە و فرەلایەنە بۆ جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شاندێكی باڵای ئەمنی عێراق بەسەرۆكاییەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێكەوت، بەمەبەستی تاوتوێكردنی ڕێكارەكانی پاراستنی ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

هـ.ئ

Comments are closed.