ئیدارەی دەوڵەت سەبارەت بە پشكی هەرێم لە بودجەدا كۆدەبێتەوە

میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق ئەنجام بدات، لە کۆبوونەوەکەدا ئەو ماددانەی ناو پڕۆژەیاساکە تاوتوێ دەکرێن، کە ناڕەزایەتییان لەسەر هەیە.

میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوەیەكى ناو ئیدارەى دەوڵەتەوە بڵاویان كردووەتەوە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق ئەنجام بدات.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبونەوەكەدا تیشك دەخرێتە سەر ماددەی ١٣ و ١٤ی ناو پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، كە ئەو دوو ماددەیە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان.

هاوپەیمانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بریتییە لە، چوارچێوەی هەماهەنگی، پەدەكە، یەنەكە، هاوپەیمانی سەروەری، عەزم و بابلیلۆن.

چوارچێوەی هەماهەنگی شەوی ڕابردوو لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا، بە مەبەستى ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە ئەمڕۆدا.

دوێنێ، فەیسەڵ عەلی، ئەندامى لیژنەی دارایی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایگەیاند، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هەنگاو دەنێت بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك بە مەبەستى یەكلاكردنەوەی ناكۆكیەکان لەسەر بودجەی گشتی.

وتیشى، لیژنەكەمان كارەكانی ڕانەگرتووە، بەڵکو كۆبوونەوەكانی دواخستووە بە مەبەستی پێدانی دەرفەت بۆ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەپێناو تاوتوێكردنی ماددەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان.

هـ.ئ

Comments are closed.