ڕۆژنامە جیهانییەکان هۆشداریی دەدەن لە قووڵبوونەوەی کێشەکانی تورکیا

بەشێک لە رۆژنامەکانى ئیتاڵیا و ئەڵمانیا ڕەخنە لەشێوازى بەرێوەچوونى هەڵبژاردنى خولى دووەمى سەرۆکایەتى تورکیا دەگرن و بە پڕۆسەیەکى نا ئازادانە ناوی دەبەن، هەروەها بردنەوەی ئەردۆغان بەمەترسی دەزانن بۆ ئایندەی تورکیا و هۆشداریی دەدەن لە قووڵبوونەوەی کێشەکان.

دوێنێ خولى دووەمى سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا بەڕێوەچوو، بەپێى ئەنجامە بەراییەکان، ئەردۆغان بە جیاوازییەکی کەم، جارێکى دیکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارى تورکیا هەڵبژێردرایەوە.

ڕۆژنامەى کۆرێرا دێلاى ئیتاڵى نوسیویەتى، ئەو تورکیایەی پێشتر بەشێوەیەکى مۆدێرن بنیاتنرابوو لەسەردەستى دەسەڵاتى ئێستاى تورکیا خنکێندرا، چونکە ژمارەیەکى زۆر لە نووسەران، ڕۆژنامەنووس، شرۆڤەکاران، زیندانیکراون و ئەردۆغان شارە مەزنەکانى تورکیاى کردە دوژمنى خۆى.

ئەو ڕۆژنامە باسی لەوەشکردووە، تورکیا نەیتوانى ببێتە ئەندامى یەکێتى ئەورووپا و لەگەڵ ئەوەشدا دژى سیاسەتى ئەوان وەستانەوە و هەروەها لە تورکیا هەڵاوسانى ئابوورى گەشتوەتە ئاستێک، کە کۆنترۆڵ کردنى ئەستەمە بەجۆرێک کڕینى ئۆتۆمبێل لەلایەن هاوڵاتیانەوە زۆر سەخت بووە.

باس لەوەشکراوە، لەگەڵ ئەو هەموو هۆکارەى، کە پێشتر باسکرا دەپرسین بۆچى ئەردۆغان زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەسەر دەسەڵاتە نەک بەسەرکەوتنێکى گەورە، بەڵکو بەبوونى ڕێژەیەکى کەمى دەنگ لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوت.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، بەهۆى ئەوەى ژمارەیەکى زۆر لە ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، چالاکوانان و شرۆڤەکاران لە زینداندان، پڕۆسەى هەڵبژاردنەکە ئازادانە نەبووە.

هەروەها، ڕۆژنامەیەکى دیکە بەناوى لا ریپیلیکا دەڵێت، ڕوودانى بوومەلەرزەکەى تورکیا، دەرى خست حکومەت کەمتەرخەمە، ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنەکان لە باکوورى ئەفریقا و چەند ناوچەیەکى دیکە و زۆرى ڕێژەى هەڵاوسانى ئابوورى و چەندین هۆکارى دیکە وادەکات، ئەگەر ئەردۆغان لە وڵاتى ئێمەدا بوایە لە هەڵبژاردنەکان نەک سەرکەوتوو نەدەبوو، بەڵکو شکستى گەورى بەدەست دەهێنا.

ڕۆژنامەى لا ستامپا نوسیویەتى، ئەردۆغان سەرکەوت، بەڵام سەرکەوتنێکى گەورە نەبوو، چونکە ئەنجامى ئەم هەڵبژاردنە شۆک هێنەربوو، دەرى خست نیوەى دانیشتوانى تورکیا لەگەڵ ئەردۆغاندا نین.

هاوکات، ڕۆژنامەى دیر شپیگڵ-ى ئەڵمانى ئاماژەى بەوەکردووە، پێدەچێت لەم خولەى سەرۆکایەتى ئەردۆغان، هیچ گۆڕانکارییەک بە ئاڕاستەى چارەسەرىی کێشەکان نەبێت و زیاتریش توندتر بێت.

ڕۆژنامەى دى تاز، کە ڕۆژنامەیەکى دیکەى ئەڵمانییە دەڵێت: ئەردۆغان بە جیاوازییەکى زۆر کەم لەگەڵ کەمال کڵیچدار ئۆغڵوو توانى ببێتەوە بە سەرۆک کۆمارى تورکیا، بەڵام ڕکابەرەکەى دەنگێکى زۆر باشى بەدەست هێنا .

ئەو رۆژنامە دەشڵێت، دەنگەکانى ئەڵمانیا سودێکى زۆریان بە ئەردۆغان گەیاند، لەکاتێکدا ئەردۆغان هەموو دەزگاکانى حکومەتى لەبەرژەوەندى خۆى بەکارهێنا، بەڵام لەناو حکومەتدا دەنگێگى زۆر کەمى بەدەستهێنا.

ڕۆژنامەى دى تاز ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئەردۆغان وایکردووە تورکیا لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و چارەسەرىی کێشەکان مەحاڵ بکات، کە ئەمەش نیگەرانى ناوخۆیى بەدواى خۆیدا هێناوە.

هەروەها، ڕۆژنامەى هاندڵ باست باسی لەوەکردووە، هەڵبژاردنی تورکیا دادگەرانە نەبوو، چونکە لەژێر کۆنترۆڵى حکومەتدا بوو، هەروەها لەڕێگەى داداگاوە هەوڵیدا هەدەپە لە پڕۆسەى سیاسى دوور بخاتەوە.

ئەو ڕۆژنامە باسی لەوەشکردووە، کە چیتر ئەردۆغان پێگەى پێشترى نەماوە.

ئ.م

Comments are closed.