وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەمەودوا هەر كەسێك لە بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكاندا بە دۆلار مامەڵە بكات، رووبەڕووی سزادانی یاسایی دەبێتەوە كە دەگاتە پێنج ساڵ زیندانی كردن.
عەمید حسێن تەمیمی، بەڕێوەبەری جموجۆڵی تاوانە ڕێكخراوەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە: لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە بە هاوكاری بانكی ناوەندیی عێراق، هەڵمەتێك بۆ ڕێگریكردن لە خاوەن بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكان دەستی پێكردووە، بۆ ڕێگریكردن لە مامەڵەكردن بە دۆلاری ئەمریكی لە بری دیناری عێراقی.
تەمیمی وتویەتی، زۆربەی بازاڕ و دوكان و شوێنە بازرگانییەكان، پابەندی بڕیارەكە بوون، بەڵام هەندێك لە بازرگانان لە بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكاندا تا ئێستاش هەوڵی سەرپێچیكردنی ئەو بڕیارە دەدەن و لەبری دینار مامەڵە بە دۆلاری ئەمریكی دەكەن، بۆیە هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و سزای یاسایی هەموو ئەو كەسانە دەدرێت كە مامەڵە بازرگانییەكانیان لەبری دینار بە دۆلار دەكەن و سزاكەشیان دەگاتە پێنج ساڵ زیندانی كردن.
ر.س
Comments are closed.