ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئاماری چوار مانگی رابردووی بڵاوکردەوە

دامەزراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەماوەی چوار مانگی رابردودا، ٦٦٧ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیرکردوە و دەستیشیان بەسەر ٤٥ کیلۆ و ٨٠ گرام ماددەی هۆشبەر گرتوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەپێناو سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، لە رۆژی ٢٣-١-٢٠٢٣ تا ٢٢-٥-٢٠٢٣ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تر، توانرا ٦٦٧ کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیر بکەن کە لەو ژمارەیە ٢٨٥ کەسیان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیر کراون کە ژمارەیەکیان گەورەبازرگانن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکانیان توانیویانە دەستبگرن بەسەر ٤٥ کیلۆ و ٨٠ گرام ماددەی هۆشبەر کە پێکهاتون لە (٣٤.١ کیلۆگرام کریستاڵ، ١.٥ کیلۆگرام هیرۆین، ٣.٩ کیلۆگرام حەشیش، ٤.٥ کیلۆگرام تلیاک، ٣٧٤ گرام جامایکا، ٥٠٠ گرام ماریجوانا)، هەروەها دەستیان گرت بەسەر ٥٣٠ کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کاپتاگۆن و دوو هەزار و ٧٧٤ شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ و ٧٠ کیلۆگرام دەرمانچای کە تێکەڵ کراوە بە ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆین”.

ئەوەشیخستۆتەڕو، “لەئێستادا سەرجەم تۆمەتبارانی دەستگیرکراو پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراون”.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم داواش لە هاوڵاتیان دەکات، “خۆیان بەدوربگرن لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە ماددانە، هاوکار و هەماهەنگیی دەزگا ئەمنییەکان بکەن لە هەر زانیارییەک لەبارەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان”.

ر.س

Comments are closed.