دۆخی ژنان لە سایەی ٢١ ساڵی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا

بەهۆی سیاسەتە تاکڕەوییە پیاوسالارانەکەی ئەردۆغان، دۆخی ژنان لە خراپترین ئاستدایە، کە لە مێژووی تورکیادا شێوەی نەبووە، لەماوەی ئەو ٢١ ساڵەدا بە کۆی گشتی زیاتر لە ١٠ هەزار ژن بوونەتە قوربانی.

تا دێت ڕەوشی ئازادی ژنان، بەرەودواوە پاشەکشە دەکات و ئەوەش ترسی لای ژنانی فێمینیست و چالاکوانان و هونەرمەندان دروست کردووە، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش بەردەوام داتا و ئامارەکان لەبارەی توندوتیژی و کوشتنی ژن لە تورکیا ئاشکرا دەکەن و هۆشداری دەدەن لەوەی، ئەو وڵاتە لە بەردەوامی دەسەڵاتی ئەردۆغان-دا لە ڕووی پاراستنی مافەکانی ژنان هاوشێوەی ئەفغانستان و وڵاتە ئیسلامییە توندڕەوەکانی لێ دێت.

ژنانی تورکیا لە سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگە پەراوێزخراون، مافەکانیان زەوت دەکرێت و نادادییان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت، ژنە کرێکارەکان دەچەوسێنرێنەوە و هەندێکیشیان بۆ خزمەتی سیاسەتی ڕەشی دەسەڵات ئیستغلال دەکرێن.

ئەردۆغان چۆن دەسەڵات بەرامبەر ژنان بەکاردەهێنێت؟

ژنکوژی و توندوتیژی دژی ژنان بووتە پرسێكی مەترسیدار، ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن، دەستدرێژی سێکسی و فیزیکی دەکرێتە سەریان، زۆرێک لە ڕەخنەگران هۆکاری سەرەکی پشت ئەو دۆخە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی، کە دەسەڵات بە یاسا دەستدرێژیکەرانی سەر ژنان و ئەنجامدەرانی توندوتیژی دەپارێزێت.

ئەکەپە بووەتە سەرمەشقی وڵاتانی جیهان لە ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، بەپێی ئامارێکی فەرمی کە ڕۆژی ٨ی ئاداری ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، لەماوەی ئەو ٢١ ساڵەی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا تا ئەو کاتە، زیاتر لە ١٠ هەزار ژن بوونەتە قوربانی، کە لەو ژمارەیە هەشت هەزاریان کوژراون و ئەوانەی دیکەش گومان لە سەر شێوازی گیانلەدەستدانەکانییان هەیە.

ڕێژەی توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی بەرامبەر ژنان تا دێت زیاتر دەبێت، ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەریدەخەن، ڕۆژانە زیاتر لە ٤٠٠ ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە، ئێستا – ڕێژەی دەستدرێژی سێکسی گەیشتووە بە ٪٤٥٠، هەروەها ڕێژەی دەستدرێژی کردنە سەر منداڵان (کچ و کوڕ) ٪٤٠٠، ڕێژەی تاوانکردن بەرامبەر بەژنان ٪٣٧٠ زیادیکردووە.

هەروەها دەرچوون لە پەیماننامەی ئیستەنبوڵ و هەوڵدان بۆ دەستکاری کردنی یاسای ٦٢٨٤ی توندوتیژی خێزانی و یاسای باری کەسی وڵات، دووبارە ڕەوشی ژنانی سەختترکردووە.

بە شوودانی منداڵانی کچ گرفتێکی دیکەی ئەو وڵاتەیە و کاریگەرییە خراپەکانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێت، ئامارەکان دەریدەخەن ٪١٨ی کچانی تورکیا پێش ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان پێکراوە، ٪٤یش پێش تەمەنی ١٥ ساڵی.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە، لە ماوەی ١٠ ساڵدا لە تورکیا ٥٠٠ هەزار منداڵ بەزۆر هاوسەرگیرییان پێکراوە.

ڕێژەی بێکاری تا دێت لەنێو ژنان زیاتر دەبێت، بەشێوەیەک ڕێژەی بێکاری لەنێو ژنانی تورکیا بە ٪١٣.٨ دەخەمڵێندرێت و بەردەوامیش لە ژینگەی کاردا ڕووبەڕووی گێچەڵ و هەراسانکردن دەبنەوە.

لەگەڵ ئەوەی تورکیا پێش زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و ناوچەکە مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی دا بە ژنان، بەجۆرێک ساڵی ١٩٣٠ مافی دەنگدانیان هەبوو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و ساڵی ١٩٣٤ مافی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیان وەرگرت.

بەڵام ئێستا پاش دەسەڵاتی ٢١ ساڵەی ئاکەپە، یەکسانی جێندەری و دۆخی ژنان لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کەلتوورییەکان، لە پاشەکشەدایە و کەمترین ڕێژەی ژنان لە پەرلەمانیشدا بەشدارییان پێدەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی جیاکاری جێندەری جیهانی بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە لایەن کۆڕبەندی ئابووری جیهانییەوە بڵاوکراوەتەوە، تورکیا لە پلەی ١٢٤ی وڵاتدایە، لەڕیزی وڵاتانی بەنگلادیش، ئەسیوپیا، ئەندەنوسیا، غانا و نەیجیریایە لە لیستەکەدا.

ژنان لەکاتی ڕوودانی کارەساتە سروشتییەکان و دۆخە لەناکاوەکان پارێزراو نین و سەرباری سەختییەکان دەبنە قوربانی دەستدرێژی، توندوتیژی، جیا لەوەی ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بەدەست بهێنن.

لە کاتی ڕوودانی بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا، ژنان جگەلەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی، دەستدرێژی و فشاری دەروونی و تەنانەت كوشتن دەبوونەوە، بەهۆی نەبوونی پەناگەیەکی سەلامەت، دابیننەكردنی ئاوی پاكژ و پێداویستییە گشتییەكانی تەندروستی، چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر لەنێو ژناندا بڵاوبووەوە.

ژنانی چالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان و منداڵان، سەرچاوەی سەرەکی هەموو ئەو کێشانە دەگەڕێننەوە بۆ سیاسەتی ئەردۆغان و ئەکەپە، کە بەمەبەست و پیلانی ڕێکخراو جێبەجێی دەکەن، ئامانجیش لێی ئاسان کۆنترۆڵکردنی گەلانی تورکیا و سەپاندنی فکری پیاوسالار و تاکڕەوی دەسەڵاتی خۆیەتی.

ش. ئـ

Comments are closed.