چین کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە

وتەبێژى وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، پەکین ڕازی نەبووە بە داواکارییەکى وڵاتەکەی بە مەبەستى ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە سەنگاپوور لە نێوان لۆید ئۆستن و لی شانگ فو وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵات، دەشڵێت: ئامادەنەبوونی چین بۆ بەشداریکردن لە دانوستانە سەربازییەکان جێگەی نیگەرانییە.

پات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، پەکین ڕازی نەبووە بە داواکارییەکى ئێمە بە مەبەستى ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە سەنگاپوور لە نێوان لۆید ئۆستن و لی شانگ فو وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵات.

باسی لەوەشکردووە، ئامادەنەبوونی چین بۆ بەشداریکردن لە دانوستانە سەربازییە ئامانجدارەکان جێگەی نیگەرانییە، بەڵام وڵاتەکەی لە هەوڵەکانیان بە مەبەستى کردنەوەی هێڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ چین بەردەوام دەبن.

گرژییەکانى نێوان چین و تایوان  لەو کاتەوە دەستیپێکرد کاتێکدا مانگی ئابی ساڵى ڕابردوو نانسى پێلوسى، سەرۆکى پێشوترى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا سەردانى تایوانى کرد، دوای سەردانەکە چین ئەو هەنگاوەى بە پێشێلکردنى سەروەریى خاکەکەى زانى و بۆ ئەو مەبەستەش هۆشداریى تووندیان دایە بەرپرسانى ئەمریکا لە دووبارەبوونەوەى هەر سەردانێک بۆ تایوان.

هەروەها، شەوى ٢٦ ى ئابى ساڵى ڕابردوو مارشا بلاکبێرن سیناتۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا وەک چوارەم کەسایەتى ئەمریکا سەردانى تایوانى کرد و ئەوەش هێندەى دیکە نیگەرانیەکانى وڵاتى چینى زیاد کرد.

هەر لە شەوى ٨ ى ئەیلولى ٢٠٢٢، شاندێکى کۆنگرێسى ئەمریکا، بە سەرۆکایەتى ستێفانی مۆرفی، بە سەردانێک گەشتنە وڵاتى تایوان و لەلایەن بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتەوە پێشوازییان لێکرا و لە لێدوانێکیشدا مۆرفى ڕایگەیاند، سەردانەکەمان نیشانەى بەهێزى پەیوەندییەکانى کۆنگرێس و تایوان نیشان دەدات.

بەپێى ڕاگەیەندراوى وەزارەتى بەرگرى تایوان، لە پاش سەردانەکەى نانسى پێلوسى بۆ وڵاتەکەیان، تا ئێستا کەشتى و فڕۆکە جەنگیەکانى چین، نزیکەى ١٨ جار سنورە ئاوى و ئاسمانیەکانى ناوچەکەیان بەزاندووە.

ئ.م

Comments are closed.