لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغاندا لیرە هاڕەی کرد و بەنزین گران بوو

پاش ئەوەى لە ٢٨ى ئەم مانگە، ئەردۆغان بە سەرۆک کۆمارى تورکیا هەڵبژێردرایەوە، بەهاى لیرەى تورکیی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیی بەردەوامە لە دابەزین، ئێستا ١٠٠ دۆلار بەرامبەرە بە دوو هەزار و ٢٥ لیرە و بەنزینیش گران بوو.

ئەمڕۆ دابەزینى بەهاى لیرەى تورکى لە بازاڕەکانى جیهاندا لە بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى دابەزینێکی مێژوویى تۆمارکرد، بە جۆرێک لە ئێستادا هەر ١٠٠ دۆلارێکى ئەمریکى بەرامبەرە بە دوو هەزار و ٢٥ لیرەى تورکى، لەهەمانکاتدا بەنزین لە تورکیا گران بوو.

لە دوێنێوە نرخى لیترێک بەنزین بەبڕى ٦٦ قروش گرانبووە و  بەجۆرێک لە بەشە ئەورووپییەکەى ئەستەنبووڵ یەک لیتر بەنزین بە

 ٢٢ لیرە و ٢١قروش دەفرۆشرێت، لە ئەنقەرەش ٢١ لیرە و ٧٥ قروش، لە ئزمیر ٢١ لیرە و ٥٨ قروش، لە ئامەد ٢١ لیرە و ٢٢ قروش، دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا پێشتر نرخى یەک لیتر بەنزین بە ٢١ لیرە و ١٤ قروش بوو.

لە مێژووی دراوی تورکیادا، ئەمە جاری یەکەمە دابەزینی بەم شێوەیە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەم دابەزینە بەرچاوە لە کاتێکدایە لە ماوەکانى ڕابردووشدا بانكی ناوەندی توركیا كەم كردنەوەی ڕێژەی سوودی بانكی وەک یەکێک لە ڕێكارەکان گرتەبەر، بۆ ڕێگەگرتن لە دابەزینی زیاتری بەهای لیرە، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لیرە زیاتر بەهاكەی خۆی لەدەست دەدات.

لە ڕۆژى ٢٠ ى مانگى ٧ ى ساڵى ڕابردوو بانکی سوستییە جەنەراڵ-ی فەڕەنسیی بڵاوی کردەوە، لە داهاتوودا بەهای لیرەی تورکیی بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى زیاتر دادەبەزێت، بەجۆرێک نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێکی ئەمریکی بۆ دوو هەزار و ٢٠٠ لیرەی تورکی بەرزدەبێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە رۆژى ٢٨ ى ئەم مانگە ئەردۆغان بۆ خولێکى دیکەى سەرۆکایەتى تورکیا هەڵبژێردرایەوە، بە وتەى چاودێرانیش لەم خولەى تەمەنى سەرۆکایەتى ئەردۆغان بەهاى لیرە ڕووبەڕى داڕوخان دەبێتەوە.

ئ.م

Comments are closed.