نەتەوە یەكگرتووەكان دەنگ لەسەر مانەوەی یۆنامی لە عێراق دەدات

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ماوەی چەند كاتژمێری داهاتوودا دانیشتنێك ئەنجام دەدات، بۆ دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەی نوێ كردنەوەی ئەركی نوێنەرایەتیی “یونامی” لە عێراق بۆ ماوەی یەك ساڵی دیكە.

سەبارەت بە بەردەوام بوونی كارەكانی یۆنامی لە عێراق ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەكرێت، بەكۆی دەنگ بۆ ماوەی ساڵێكی دیكە كارەكانی یۆنامی لە عێراق درێژ بكرێتەوە.

ماڵپەڕی (ئەنجوومەنی ئاسایشیی نەتەوە یەكگرتووەكان) لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، یەكەم ڕەشنووسی بڕیارنامەكە، لە ١٠ی ئایاردا پێشكەشی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش كراوە و لە ١٥ی ئایاردا خولێكی دانوستانەكان ئەنجامدرا، پاشان واشنتۆن دووبارە لە ١٩ی ئایاردا ڕەشنووسێكی پێداچوونەوەی پێشكەش كرد، هەروەها لە ماوەی چەند كاتژمێری داهاتوودا دانیشتنێك بەڕێوە دەچێت، بۆ نوێكردنەوەی ئەركی نوێنەرایەتیی “یۆنامی” لە عێراق بۆ ماوەی یەك ساڵی دیكە.

ئاماژە بەوەشكراوە،  هەڵوێستێكی یەكگرتوو بە گشتی لەنێو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشدا هەیە بۆ پشتیوانی كردن لە ئەركی “یۆنامی”، بەڵام بۆچوونێكی هاوبەشی بەرفراوان لە نێوان ئەندامانی ئەنجوومەنەكەدا هەیە، سەبارەت بە پێویستی پێداچوونەوە بە ئەركە درێژخایەنەكەی یۆنامی لە ژێر ڕۆشنایی باشتربوونی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق.

بەگوێرەی نوسراوێكی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، كە ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە، حكومەتی عێراق پشتگیری لە هەڵوێستی پێداچوونەوەیەكی ستراتیژی سەربەخۆ بە ئەركی یونامی دەكات، دواتر پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی بكات.

بەگوێرەی زانیارییەکان،  لە كۆبونەوەكەدا یۆنامی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەڕەشەكانی ئێستای سەر ئاشتی و ئاسایشی عێراق دەكات.

هەروەها یۆنامی هاوکاریی و پشتیوانی عێراق دەکات، سەبارەت بە پرسەكانی ئاسایشی سنوورەكان، لابردنی مین، پاشماوەی تەقینەوەكانی شەڕ،  پرسی پەنابەران، هەروەها لە بواری وزە و ئاو.

هـ.ئ

Comments are closed.