خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی بەرهەمی جوتیاران باری نائاسایی ڕاگەیاند

لە ئەمڕۆوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا، بۆ پاراستنی دەغڵودان و بەرهەمی جوتیاران، لە سووتان و لەناچوون لە وەرزی دروێنەدا، باری نائاسایی لە جەزیرە ڕاگەیاند و تیمەکانی فریاکەوتنی خێرای خستە ئامادەباشییەوە.

لەپاش کۆبوونەوەی لیژنەی فریاكەوتنی خێرای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە هەرێمی جەزیرە، بۆ تاوتوێ كردنی ڕێكارەكانی پاراستنی بەروبوومی كشتوكاڵی لە وەرزی دروێنەدا، ئەمڕۆ لیژنەی فریاكەوتن فەرمانێكی بڵاو كردەوە و تێیدا باری نائاسایی ڕاگەیاند.

لیژنەی فریاكەوتنی ئیدارەی خۆبەێوەبەریی بانگەواز لە هەموو جووتیاران و خەڵک دەكات، كە لە دۆخی ئامادەباشیدا بن و پاسەوانی و پاراستنی بەرهەمەكانیان بكەن، بۆ ئەوەی پێكەوە بتوانن بەبێ زیان و كێشە كۆتایی بە وەرزی دروێنە بهێنن.

حەمید حسێن

لەگەڵ هاتنی وەرزی دروێنەدا لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جووتیاران خۆیان ئامادە دەكەن، بۆ چنینەوەی بەرهەمەكانیان، لەو چوارچێوەیەدا، حەمید حسێن، كارگێڕ لە لیژنەی پاراستنی ئەنجومەنی  شارۆچكەی گرباوی دەڵێت، ٢٠ تراكتۆر، نۆ ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە ٢٤ كاتژمێر تەرخان كراوە، بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی هەر ڕووداوێكی لەناكاو.

ئەمە جگە لە پێكهێنانی گرووپی هاوبەش لە نێوان هێزەكانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و جووتیاران، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە شارۆچكەكە، هەروەها داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن، ئۆتۆمبێلی دیكەی ئاگركوژێنەوە تەرخان بكەن.

هـ.ئ

Comments are closed.