لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووریا دەکرێت

سكرتێری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ كۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوە، لەبارەی بارودۆخی پەنابەرانی سوریا لەسەرجەم وڵاتانی عەرەبی و جیهان و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ گەڕانەوەیان بۆ سووریا.

سەبارەت بە بارودۆخی پەنابەرانی سووریا لەسەرجەم وڵاتانی جیهاندا و دەربارەی كێشە و ئاڵۆزییەكانی سودان ئەحمەد ئەبو غیت، سكرتێری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ فیلیپۆ گراندی، كۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەی سكرتێری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ كۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەدوولا جەختییان لەسەر پێویستی كار كردن كردەووە، بۆ چالاك كردنی ڕێگەیەك كە زامنی گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەكان بكات، بە هاوكاری لەگەڵ حكومەتی سوریا، وەك ئەو بڕیارەی لە كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی لە جەددە درابوو.

لەكۆبوونەوەكەدا ئەحمەد ئەبول غیت جەختی لە گرنگی پاڵپشتیی UNHCR كردەوە، بۆ ئەو وڵاتانەی كە پەنابەر وەردەگرن، دەشڵێت، ئاگربەستێكی بەردەوام هەنگاوی یەكەمی پێویستە بۆ كۆتاییهێنان بە ئازارەكانی خەڵكی سڤیل، هەروەها بۆ ئەوەی ڕێكخراوە فریاگوزارییەكان بتوانن بەشێوەیەكی سەركەوتوو تر مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی پەنابەران بكەن.

لە ٣٠ی نیسانی ئەمساڵدا، ئیدارەی خۆبەڕێوبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاری كردنی پەنابەرانی سوریا لە لوبنان ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییەی كە لە ١٨ی نیسان دەستی پێكردبوو، بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریا، لە ئەنجامدا حەوت خێزان كە لە ٥٠ كەس پێكهاتوون گەڕێندرانەوە.

لە ٢٧ی نیسانی ئەمساڵ، ئیدارەی خۆبەڕێوبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، كە لە سودان گیریان خوارد بوو، جەختیش دەكەنەوە پێشوازی لە هەر هەوڵێكی پاڵپشتیكارانە دەكات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان.

لە ٢٢ی ئایاردا، ئیدارەی خۆبەڕێوبەری  بەشی یەكەمی هاووڵاتیانی سوریای لە سودان گەڕاندەوە بۆ قامیشلۆ، كە لە ١٦١ كەسی پێكهاتبوون، منداڵ و ژنانیشیان تێدابوو، خەڵكی هەمەجۆری ناوچەكانی ڕۆژئاوا و باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێكهاتبوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، ژمارەی پەنابەران و ئاوارەكانی سوریا تا ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتووەتە نزیكەی ١٣ ملیۆن كەس، هەروەها پێنج ملیۆن و ٦٠٠ هەزاریان لە وڵاتانی دراوسێدان.

لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ەوە دەنگەكانی گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا بۆ وڵاتەكەیان زیادی كردووە، هەروەها دەوڵەتی داگیركەریی توركیا زیاتر لە دە ساڵە ئاوارەكانی سووریا وەك ئامرازێك بەكارهێناوە بۆ جێبەجێ كردنی ئەجێندا ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی خۆی.

هـ.ئ

Comments are closed.