چالاکوانانی ژنان هۆشداریی دەدەن لە دۆخێکی مەترسیدار بۆ ژنان

چالاکوان و داکۆکیکاران لە مافەکانی ژنان، لە هەولێر هۆشداری دەدەن لە مەترسیداربوونی دۆخی هەرێم بۆ ژنان و داوا دەکەن هەوڵی ڕژد و هەنگاوی کاریگەر بگیرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان کە دژ بە ژنان دەکرێت.

لەکاتێکدا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لەئاستێکی باشدایە، بەڵام تا دێت ڕەوشی ژنان لە هەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر دەچێت و ئاستی ژنکوشتن و توندوتیژییەکانیش لە بەرزبوونەوەدان.

دیاردەی ژن کوشتن و داڵدەدانی ژنکوژان و بەلاڕێدا بردنی ئەو کەیسانە، تادێت ڕوو لە زیادبوونە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، زیاتر لە ٥٠ ژن کوژران یاخود ناچار بە خۆکوشت کرابوون، لە پێنج مانگی سەرەتای ٢٠٢٣دا بەپێی ئامارە نافەرەمییەکان نزیکەی ٢٥ ژن کوژراون.

ئەوە جگە لە دەستدرێژیی، سوکایەتی پێکردن و ئەشکەنجە دەروونی و جەستەییەکان کە بەرامبەر ژنان دەکرێت، تا ئێستا نەتوانراوە ئامارێکی ورد و دروست بەردەستبخرێت.

هەریەکە لە ئاڤان جاف و پەخشان زەنگەنە، چالاکوانی بواری ژنان لە ڕۆژنیوزەوە دەربارەی ئەو دۆخە مەترسیدارەی ژنان دەدوێن و چەند پێشنیارێک بۆ بەرەوپێشبردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان و ژنکوشتن دەخەنەڕوو.

ئاڤان جاف
ئاڤان جاف

ئاڤان جاف، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس وتی: ڕۆژانە بە چەندین جۆر توندوتیژیی بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت، بەڵام لەبری ئەوەی هەڵوەستەی جدی لەسەر بکرێت، وەک بابەتێکی زۆر ئاسایی تێدەپەڕێت و گرنگی پێنادرێت، ئەوەش وای کردووە دۆخی ژنان بگاتە ئاستێکی مەترسیدار.

ئاڤان جاف هۆکاری خراپبوونی دۆخی ژنانی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمەڵگە وەک بابەتێکی جدی بەهەند تەماشایان نەکردووە، وتیشی حکومەت نەبووەتە جێبەجێکار و سەپێنەری یاساکانی تایبەت بە پاراستنی ژنان، کە هۆکارێکی دیکەن بۆ پاشەکشە کردنی مەودای ئازادیی ژنان و زیاد بوونی توندوتیژییەکان.

ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە نەبوونی ئاسایشی خێزان و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان بە بەربەستی بەرەوپێشچوونی دۆخی ژنان دادەنێت، پێشنیاری ئەوەش دەکات، کە حکومەت و لایەنەکان پرسی ژن وەک پرسی هەموو کۆمەڵگە تەماشا بکەن، چوونکە ژنان بەدیهێنەری ئامانجەکانی ژیانن.

جۆرێکی دیکە لەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، هەڵاواردنی جێندەری و نادادپەروەرییە لە پێدانی مافەکانیان، بۆیە پەخشان زەنگەنە کە چالاکوانێکی ژنانە دەڵێت:  بارودۆخی ژنانی هەرێمی کوردستان لە ڕەوشێکی باشدا نییە، تاوەکو ئێستا یەکسانی لە پێدانی مافەکانی ژنان بوونی نییە، تەنانەت ئاسایش و ئارامیش بۆ ژنان فەراهەم نەکراوە، دەبیسترێت و دەبینرێت کە ڕۆژانە چەند توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت.

پەخشان زەنگەن
پەخشان زەنگەن

پەخشان زەنگەنە هۆکاری بەردەوامی توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان بۆ ناهۆشیاری کۆمەڵگە دەگەرێنێتەوە دەڵێت: هەبوونی دابونەریتی کۆنەپەرستانە، کاریگەریی هەیە لەسەر دۆخی ژنان، هەروەها ناهۆشیاری کۆمەڵگە، خراپی دۆخی سیاسی و ئابووری هۆکاری کاریگەرن بۆ بەرەو دواچوونی ڕەوشی ژن.

ئەو چالاکوانە هەموو لایەنەکان بەرپرسیار دەزاێت، بەتایبەت حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی دادوەریی، کە ئەو لایەنانە دەتوانن کار بۆ باشترکردنی دۆخەکە بکەن و ئارامی و ئاسایش لە کۆمەڵگەدا پێشبخەن.

لە کۆتایی وتەکانیدا پەخشان زەنگەنە داوا لە ژنان دەکات یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن تا بتوانن بەربەستەکان تێپەڕینن و بگەنە ئامانجەکانیان و یەکسانی و دادپەروەریی بەدەستبهێنن، کە ئەوانەش دەبێتە هۆی پێشخستنی دۆخەکە و هێنانەدی گۆڕانکاریی مەزن.

ش. ئـ

Comments are closed.