ماوەی ٢٧ مانگە هیچ زانیاری و ئاگادارییەک لە ئیمراڵییەوە لەبارەى ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە، نەدراوە بە پارێزەران و خانەوادەکەى ، لە نوێترین بڕیاریشدا کە لەلایەن پارێزەرەکانییەوە ئاشکرا بووە، لە ساڵی ڕابردووەوە تائێستا چەند جارێک سزای قەدەغەکردنى چاوپێکەوتن بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپێنراوە و دووبارە بڕیارەکە دەرکراوەتەوە.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیدا دەستگیر کرا و ماوەی ٢٤ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی گۆشەگیر کراوە، ٢٧ مانگیشە لە ژێر گۆشەگیرییەکی توند دایە و ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت سەردانی بکەن.
پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرایان کرد، ئەوان وەک پارێزەران و خانەوادەی گیراوان، دوای بوومەلەبەرەزەکەى ٦ی شوباتی ماڕەش کە کاریگەریی گەورەى لەسەر چەند شارێک هەبووە، بۆ دیداری ئیمراڵی سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە.
پارێزەران ئاماژەیان بەوە کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە لە ڕۆژی ۲۱ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۲، بۆ ماوەی سێ مانگ، قەدەغەی چاوپێکەوتن لەسەر هەریەکە لە ڕێبەر ئۆجالان و عومەر هایری کۆنار، حەمیلی یەلدرم و وەیسی ئاکتاش کراوە و قەدەغەکردنەکەش لە ۱۰ی کانوونی دووەمی ۲۰۲۳ پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام پارێزەرەکان هەفتەی دوو جار داوای چاوپێکەوتنیان کردوەو هەفتەی جارێکیش لەگەڵ خانەوادەکان داوای چاوپێکەوتنیان کردووە لە ئیمراڵی، بەڵام هەمووی ڕەتکراوەتەوە.
جارێکی دیکە و لە ڕۆژی ٦ی نیسانی ۲۰۲۳، پارێزەران بە جیا داوای دیداریان لە داواکاری گشتی و دادگای تاوانەکانی بورسا و زیندانی جۆری ئێفی ئاسایشی باڵای ئیمراڵییان پێشکەش کرد، بەڵام لە ۱۲ی نیسان دەسەڵاتی دادوەری داواکارییەکەی پارێزەرانی ڕەتکردەوە بۆ چاوپێککەوتنی ئیمراڵی.
هێشتا قەدەغەکردنەکەی ٢١ی کانوونی یەکەم تەواو نەبوو، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری جارێکی دیکە لە ١٥ی ئازاردا بڕیارێکی دیکەی دەرکرد بۆ دووبارە قەدەغەکردنی پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ و خانەوادەکان، ئەم بڕیارەش لە ۳۰ی ئازاردا پشتڕاستکرایەوە، بۆیە داواکارییەکان بۆ پارێزەران و خانەوادەکان بۆ چاوپێکەوتن ڕەتکراوەتەوە.
هەروەها لە ١٤ی نیسان لە دادگای باڵای تاوانە قورسەکانی بورسا دەرکرد بڕیاریدا کە داواکاری پارێزەران ڕەت بکاتەوە، بەوەش بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ بڕیارێکی نوێیان دەرکرد بۆ قەدەغەکردنى چاوپێکەوتن لەگەڵ خانەوادەکەی، هاوکات نە داواکاری گشتی و نە بەڕێوەبەرایەتی زیندان وەڵامی داواکارییەکانیان نەدایەوە.
هەروەها سەرەڕای قەدەغەکردنى چاوپێکەوتنی ئیمرالی لەلایەن پارێزەرانەوە، لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ جارێکی دیکە پارێزەران، داواکارییان بۆ چاوپێکەوتن پێشکەش کردەوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتى زیندان و داواکاری گشتى وەڵامی پارێزەرانیان نەداوەتەوە.
پارێزەران ئەوەشیان ئاشکرا کردوە، لە ٢٧ی نیسانى ٢٠٢٣ دا بۆ چاوپێکەوتنى ئیمرالی سەردانى دادگای تاوانە قورسەکانى بۆرسایان کردوە و داواکاری دیداری ئیمراڵیان پێشکەش کردوە، بەڵام لە جیاتی دەسەڵاتی دادوەری دادگای سزای قورسی بورسا ئاگاداری بۆ پارێزەران ناردوە و لەو ئاگادارییەدا دادگا ڕایگەیاندوە، قەدەغەی چاوپێکەوتن لەسەر ڕێبەر ئۆجالان بۆ ماوەى شەش مانگی دیکە دەرکراوە.
هـ.ح
Comments are closed.