مامۆستایانی ناڕازیی داوای مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان دەکەن

سلێمانی

مامۆستایانی ناڕازیی لە سلێمانى گردبوونەوە و ڕاگەیەندراوێکیان سەبارەت بە مووچە نەدراو و پاشەکەوتکراوەکانیان خوێندوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەدا موچەی ١٢ مانگیان نەدراوە و ٣٤ مووچەشیان بەبڕی جیاواز پاشەکەوتی لێکراوە، دەشڵێن، هەوڵدەدەین لە ڕێگەى فۆڕمێکی ڕاپرسییەوە مووچەکانیان بخەنە سەر حکومەتی عێراق.

 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی  مامۆستایانی ناڕازیی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و تێیدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو، فۆڕمێکی ڕاپرسی ئەلکترۆنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەینەوە بە مەبەستى وەرگرتنی بۆچوونی فەرمانبەران و مامۆستایان سەبارەت بە وەرگرتنی موچەکانیان لە حکومەتی عێراق، یاخود داوای چاودێریکردنی دابەشکردنی مووچە لەو حکومەتە دەکەین.

نەجمەدین محەمەد، کە مامۆستایەکى ناڕازییە، بەیاننامەکەی خوێندەوە، تێیدا هاتبوو: ماوەی هەشت ساڵە حکومەتی هەرێم بە بەردەوامیی ستەمکاریی بەرامبەر بە فەرمانبەران و مامۆستایان دەکات، لە ئەنجامی ئەو ستەمکارییەوە موچەی ١٢ مانگیان نەدراوە و ٣٤ موچەشیان بە بڕى جیاواز پاشەکەوتی لێکراوە .

هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو، ئێمە فۆڕمێکی ئەلکترۆنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەینەوە و ڕاپرسییەک لە ناو فەرمانبەران و مامۆستایان ئەنجام دەدەین بەمەبەستی ئەوەی موچەکانیان بگەڕێنرێتەوە سەر حکومەتی عێراق، یاخود لەلایەن حکومەتی عێراقەوە چاودێریی دابەشکردنی موچەکانمان بکرێت.

باس لەوەش دەکەن، گەڕاندنەوەی مووچە نەدراو و پاشەکەوتکراوەکانمان و دەستپێکرنەوەی پلە بەرزکردنەوەمان بەرپرسیارێتی هەردوو حکومەت هەرێم و بەغدایە، چونکە حکومەتی کوردستان کارێکی نایاسایی ئەنجامداوە بە ئاگادارى دادگای فیدڕاڵی عێراق.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە بڕگەى ١٤ی پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى عێراق، حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچار دەکات، مانگانە بە ڕێژەى ١٠%ى مووچە پاشەکەوتکراوەکانى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بداتەوە، بەڵام دوێنێ هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتى هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان، لەلایەن کابینەکانی پێشوەوە کراوە، دەشڵێت، بەبێ تەرخانکردنی بودجە، ناتوانرێت مووچەى پاشەکەوتکراو بە ڕێژەى لە١٠%ى بگەڕێندرێتەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم.

ئ.م

Comments are closed.