عوممان گفتوگۆیەکی نهێنی لەنێوان ئەمریکا و ئێران رێکدەخات

بەرپرسانی ئەوروپا و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، بە شێوەیەکی نهێنی گفتوگۆ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا و ئێران بە نێوەندگیری عوممان دەکرێت لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیەوە و ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئەمەریکاش لەسەر ئەو پرسە سەردانی عومانی کردووە.

ماڵپەڕی “ئەلعەرەبییە” بڵاویکردەوە، چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی و ئەوروپی و ئیسرائیلی ڕایانگەیاند، واشنتۆن لەگەڵ تاران لە پەیوەندیدایە لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی و عومانیش نێوەندگیرییان دەکات.

ئاماژەیان بەوەش کرد، برێت مەکگۆرگ راوێژکاری باڵای سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە رێکەوتی ٨ی ئایار سەردانی عومانی کردووە بۆ ئەوەی لەبارەی پەیوەندی دبلۆماسی لەگەڵ ئێران لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی گفتووگۆ بکات.

بەرپرسانی ئیسرائیلیش دەڵێن: عومانییەکان گفتووگۆی بەرفراوانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئەو دوو لایەنە دەکەن.”

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کۆشکی سپی لە رێگەی حکومەتی عومانەوە گۆڕانکارى لە هەڵوێستى بەرپرسانی ئێران تێگەیشتوە کە هەنگاوەکانیان بەڕووى کرانەوەیە لەسەر بابەتە هەڵپەسێردراوەکان، سەربارى ئەوەى هەندێک بەربەست لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان لە ئارادایە و هەنگاو دەنێن بە ئاقارى هێورکردنەوەی دۆخی ئاسایشى ناوچەکە.

لە بەرامبەردا وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ئەمەریکا باسی لەوەکرد، هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە کە بەرپرسانی ئەوروپا و ئیسرائیل باسیان لێوەکردوە، لە بارەى بوونى گفتووگۆى نێوانیان لەگەڵ لایەنى ئێرانى بەمەبەستى رێککەوتن لەسەر کاتی بەرنامە ئەتۆمیەکە و بەهیچ شێوەیەک شتێکى لەو شێوەیە بوونى نیە.

 

ر.س

Comments are closed.