لیژنەی دارایی پەرلەمان بڕیاریدا، تا ڕۆژی شەممەی داهاتوو كۆبوونەوەكانی دوا بخات، ئەمەش كۆتا مۆڵەتە بۆلایەنە سیاسییەکان تا کۆتایی بە ناكۆكییەكانیان بهێنن، سەبارەت بە مادە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا.
سەبارەت بەكێشە و ناكۆكییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بودجە و دواكەوتنی دەنگدان بە پرۆژە یاسای بودجە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، كۆتا مۆڵەت دەدات بە لایەنەكان تا بگەن بە ڕێككەوتن.
هاوكات جێگرەكان جەخت لە سەر پێویستیی گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی دڵخۆشكەر بۆ هەموو لایەنەكان دەكەن.
میدیا عێراقییەكان لە زاری لیژنەی داراییەوە بڵاویان كردووەتەوە، تا ڕۆژی شەممەی داهاتوو، لیژنەکە كۆبوونەوەكەی دوادەخات و دەرفەت دەدات بە لایەنەكان بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان، كە ڕێگر بوو لە پەسەندكردنی بودجە، چونكە پەرلەمان چاوەڕێی كۆتاییهێنان بە دانوستانە سیاسییەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتنێك دەكات، كە هەموو لایەنە ناكۆكەكان لەسەری ڕازی بن، بەتایبەت لەو مادانەی پەیوەستن بە پشکی هەرێمەوە.
ئەگەر لایەنەكان نەگەنە ڕێككەوتنێك و كۆتایی بە ناكۆكییەكان نەهێنن، ئەوا پەرلەمان دەتوانێت بەپێی مادەی ژمارە ١٠ لە یاسای پەرلەماندا، بەزۆرینەی دەنگ پرۆژەیاساکە تێپەڕینێت.
هەفتەی پێشوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرجەم كارەكانی پرۆژە یاسای بودجەی تەواو كرد، بەڵام بە هۆی ناڕازیی بوونی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دەستكاری كردنی هەندێك بڕگەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان كێشە دروست بووە، هەروەها بڕیاردرا دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە یۆ كاتێكی نادیار دوابخرێت.
هـ.ئ
Comments are closed.