پارتی چەپی سەوز وهەدەپە قۆناغێکی نوێی تێکۆشان و دووبارە ڕێکخستەنەوەی شێوازی کار و خەباتیان لەسەر بنەمای ڕەخنە و پێشنیارەکانی گەل دەست پێدەکەن و مادەکاریی بەستنی کۆنگرە دەکەن.
ئەمڕۆ ئیبرۆ گونای وتەبێژی هەدەپە لە ئەنقەرە، بە ناوی هەریەک لە پارتی چەپی سەوز و هەدەپەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای پێشنیار و ڕەخنەکانی خەڵک، قۆناغێکی نوێی تێکۆشان دەستپێدەکەن و هەنگاو بەرەو گۆڕانکاری گەورە دەنێن.
گونای باسی لە گرنگی قۆناغی داهاتوو کرد و وتی: قۆناغی داهاتوو گرنگ و مەزنە، چوونکە بە وەرگرتنی پێشنیار و ڕەخنە و بۆچوونەکانی گەل و ئەندامەکانی پارت بەڕێوە دەبرێت و بەبنەما وەردەگیرێت و نەخشە ڕێگای نوێی تێکۆشان و کار دادەڕێژرێت.
وردەکاری سرووشتی کۆبوونەوەکان و گفتوگۆکانی خستەڕوو و ڕایگەیاند، میکانیزمی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان لە ژێرەوە بۆ سەرەوە دەبێت و تێیدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پێشهاتەکان تاوتوێ دەکرێن.
گونای ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەی لیژنە و ئەنجومەنەکاندا بڕیار لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند دەدرێت، بۆ ئەوەی شاندەکانی پارت بچنە هەر شار و ناوچە و هەرێمێک و گوێبیستی پێشنیارەکانی هاوڵاتیان بن.
لەکۆتایشدا ئاشکرایکرد، ئامانج لەم هەنگاوە و ئەنجامدانی گۆڕانکارییە بنەڕەتییە، ئامادەکارییە بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی گەورەی گشتی.
ش. ئـ
Comments are closed.