لاتان سەیر نەبێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەم پێشکەوتن و دەرکەوتنی ڕۆڵی ژنان لەدەرەوە و ناوەندەکانی کاردا، دەستدرێژیی و گێچەڵ و هەراسانکردنی پیاوانە لەسەریان، ئەوەتا ئامارەکان پێمان دەڵێن، لە ساڵی ٢٠١٠وە تا ساڵی ٢٠٢٢ لە ٪٧٧ـی ژنان ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە، لە ٪٢٢ ئەو ژنانەش کە لەلایەن خاوەن کارەکانەوە گێچەڵی سێکسییان پێکراوە و ڕەتیان کردووەتەوە لە کار دەرکراون.
گێچەڵ، دەستدرێژیی و هەراسانکردن لەسەر ژنان، ئەو دیاردە قێزەونەی بە تانوپۆی کۆمەڵگەدا بڵاوبووەتەوە، ڕەنگە هەموو ئەو ژنانەی لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن چیرۆک و ئەزموونێکی تاڵیان هەبێت، بەڵام لە وڵاتانی دواکەوتوو، کە یاسا و ڕێسا و کەلتووری دژە ژن باوە، ئەو دیاردە بەرینتر و بەرچاوترە و ئازار و زامێکی دەروونیی قوڵتر بەجێ دەهێڵێت، بە شێوەیەک دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی پەڕاوێز کەوتن و ئاستەنگییەکی گەورە لەبەردەم پێشکەوتنی ژنان.
لەبارەی ئاستی توندوتیژییەکان و فراوانی ئەو دیاردەیە لە شوێنی کار، ئامارێکی ورد لە بەر دەستدا نییە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار کە یەکێکیان پەردەپۆشکردنیییەتی لەلایەنە دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە، یاخود بێدەنگیی ژنان خۆیان بەهۆی، ترس، دابونەریت و ناوبانگیان، وێڕانی نەبوونی ناوەندێکی چالاک و داکۆکیکار لەم بارەیەوە، کە بتوانن ئاماری ورد تۆماربکەن و دەستوەردان بکەن لەو کەیسانەدا.
هەروەها سیستمی پەروەردە لە خوێندنگەکان، هاوشان لەگەڵ کەلتووری پیاوسالاریی دژە ژن لە کۆمەڵگەدا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش، کە بە زمان و سیاسەتی کارکردنیان دژە ژنە، پەرەپێدەری ئەو دیاردەیەن، لەو سیستمەدا کە هەوڵ دەدرێ ژن لاواز و بێ هەڵوێست بێت، فێر دەکرێت بۆ پاراستنی بە ناو “ئابڕووی خێزان” بەرامبەر بە توندوتیژیی و تەنانەت دەستدرێژیی سێکسیش بێ دەنگ بێت.
ئامارەکانی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی لە عێراق
بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی کۆڕبەندی ڕاگەیاندنی ژنانی عێراق، دەردەکەوێت کە ٪٧٧ـی ژنانی عێراق ڕووبەڕووی گێچەڵ پێکردنی ڕاستەوخۆ دەبنەوە، هەروەها زیاتر ٪٩٠ـی ژنان داوایانکردووە یاسا بۆ ڕێگریی کردن لە گێچەڵ و هەراسانکردن دابندرێت و بەشێوەی یاسایی ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگەدا کۆتایی پێبهێندرێت.
هەروەها بەپێ ڕاپرسییەکی هەمان ناوەند، لە ٪٧٨ـی ژنانی بەشداربوو لە ڕاپرسییەکەدا دانیان بەوەدا ناوە لە شوێنی کار هەراسان کراون، بەڵام بەهۆی دۆخی خراپی دارایی و گوزەرانیان نەیان توانیوە دەستبەرداری کارەکانیان ببن.
لە ٪٥٧ـی ژنان ڕووبەڕووی هەراسانکردنی زارەکی بوونەتەوە، ٪٢٠یان گێچەڵی سێکسیان پێکراوە، هەراسانکردنی ناو خێزانیش ٪٥ بووە، هەروەها لە ٪٧ـی ژنان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەراسانکراون.
ئەگەر تێکڕای ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٢ وەربگیرین دەردەکەوێت، ٪٧٧ـی ژنان ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە، ٪٥٧ ڕووبەڕووی هەراسانکردنی زارەکی بوونەتەوە، لە شەقام و بازاڕەکانیشدا، هەروەها لە ٪٣١ بۆ ٤٠٪ی ژنان ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە.
ئامارەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ٪٢٢ ئەو ژنانەی لە کاتی کارکردندا ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە لەلایەن بەرپرسەکانیانەوە و ژنانیش ڕەتیان کردوونەتەوە مووچەکانیان بڕاوە.
تا ئێستا جگە لەو توێژینەوەیە هیچ ئامارێکی دیکەی فەرمی بۆ ئاشکرا کردنی ڕێژەی گێچەڵی سێکسی لە عێراقدا نییە، بەڵام خودی ئەم ئامارانە دەری دەخەن ڕێژەی گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی لە عێراقدا لە ئاستێکی بەرزدایە.
لە هەرێمی کوردستان
بەپێی ئەو ئامارانەی، کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ دا دوو هەزار و ٦٥٩ حاڵەتی هەڕەشەکردن و هەراسانکردن و ٤٢٠ کەیسی سوکایەتی و هەراسانکردنی زارەکی دژ بە ژنان تۆمار کراوە.
بەڵام ئەمە تەنها ئاماری ئەو دەستدرێژییانەیە کە سکاڵا تۆمار کراوە، هیچ ئامارێک لەبەردەستدا نییە لە هەرێمی کوردستان تا چ ڕادەیەک ژنان ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی یاخود دەستدرێژی دەبنەوە لە شوێنی کاردا، کە بەربەستی سەرەکین لەبەردەم پێشکەوتن و دەرکەوتنی تواناکانی ژناندا.
ش. ئـ
Comments are closed.