ناوەندی هەواڵەکان
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنى باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەنەکە چەند پێشنیارێک ئاڕاستەى دەسەڵاتدارانى ئێستای حزبەکەی دەکات و داوای بەستنى کۆنگرەیەکى بەپەلە و ئاشتبوونەوەیەکى گشتى دەکات کە بەوتەى خۆی مەترسی لە دەرەوە لەسەر یەنەکە نەهێڵێت.
لە وتارێکدا بەبۆنەى ٤٨مین ساڵیادی دامەزراندنى یەنەکە مەلا بەختیار چەند پێشنیازێکی خستووەتەڕوو دەڵێت: لەناو ئەو هەلومەرجەدا، کۆی ژیانی حزبایەتی یەکێتی و چارەنوسی سیاسەتەکەی، لەهەڵبژاردنداو لەناو هاوکێشەکاندا، کەوتۆتە ژێر پرسیارو دەرونی زۆرینەی ئەندامان و ئۆرگان و جەماوەری دەنگدەری یەکێتی، لێوانلێوە لەنیگەرانی و ناڕەزایی.
وتیشی: چیکە ئەو دۆخە مەترسیدارە، بەپینەوپەڕۆ، یان بەسازدانی فێستیڤاڵی “دیدار” و بەڵێنی بریقەدار و گۆڕینی دەمامکەکانی، ئەم دۆخەی یەکێتی ڕاناگیرێ.
مەلا بەختیار بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى ئێستای یەنەکە، بەپێویستى دەزانێت کە یەکێتى پێویستى بە ئاشتەوایی گشتییە، ئاشتەواییەک هیچ کێشەیەک لەدەرەوەی یەکێتیدا هەڕەشە لەیەکێتی نەکات.
هەروەها پێشنیازی کۆنگرە دەکات و ڕوونیکردوەتەوە کە کۆنگرەیەک پێشوەخت بکرێت کە جومگە بە جومگەی گەڵاڵە کرابێ و ڕ ێککەوتنیان لەسەر کرابێ و وەکو ژووری نەشتەرگەری بەشی زۆری نەخۆشییەکانی یەکێتی چارەسەر بکات.
لەبەشێکی دیکەى وتارەکەیدا، ئەو بەرپرسەی یەنەکە، ئەوەى خستووەتەڕوو، داڕشتنەوەی پرۆژەی گوتاری یەکگرتووی ستراتیژی قۆناغەکەیە، هەتا کوردستان و هەرێم، لەکێشەکانی ئێستا سەرفراز دەکرێ و لەمەترسییەکانی دوای جەنگی ئۆکراینا و ئەگەرە مەترسیدارەکانی جیهانی و ئیقلیمی، دەرباز دەکرێ.
هاوکات مەلا بەختیار بە گرنگی دەزانێت ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی بکرێ، ئەمەش پێویستی بەدادگای تایبەتی هەیە. هەم بۆ نەمانی گەندەڵی و هەم بۆ سزادانی گەندەڵکاران.
لە کۆتایشدا مەلا بەختیار دەڵێت: لامانوایە، ئەو چوارخاڵە، خاڵی بنچینەیی ئەم هەلومەرجەن، دڵنیام، ئەو خاڵانەی پێشنیازمکردوون، جێبەجێ نەکرێن، دۆخی یەکێتی دەگاتە رۆخی دۆخی مەترسیدار، ئەوەی تێدەگات خزمەتی یەکێتی پێدەکات، ئەوەی تێشی ناگات، لەیادی ئاڵتونی ٥٠ ساڵەی یەکێتیدا، ئیتر ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی لەدەستدەدرێت.
ه.ح
Comments are closed.