دوای بڕیارەکەى دادگای فیدراڵی فوئاد حسێن لەگەڵ سەرۆکی دادگاکە کۆدەبێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە و ڕایدەگەیەنن، پێویستە بنەماکانی دیموکراسی گەشەی زیاتریان پێبدرێت و گەرەنتی سەروەری یاسا و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات بکرێت.

ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دادوەر جاسم محەمەد عبود سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی پێشواز لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە کردووە و ھەردوولا باسیان لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی دادگای فیدڕاڵی کردووە لەگەڵ دادگا دەستورییەکانی دیکەی جیھان.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ئامانج لەو ھەنگاوە بۆ پاراستنی ئازادی و مافە سیاسی و مەدەنییەکانە، تاوەکو ھاووڵاتیان بتوانن بە ئازادی پیادەی مافە سیاسی و مەدەنییەکانیان بکەن.

دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەوەى خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتە لەسەر گەرەنتیکردنی مافی دەنگدان، ھەڵبژاردن و خۆکاندیدکردن کە دەبێتە بنەمایەک بۆ سەروەری یاسا و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو دادگای فیدڕاڵی بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی ھەڵوەشاندەوە،  لەئێستاشدا سێ سکاڵای دیکە لە دادگاکە تۆمارکراون کە ھەرسێکیان پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستانەوە.

ه.ح

 

Comments are closed.