قەرەیلان دەربارەی مەخموور بانگەوازییەکی گرنگ لە سوپای عێراق و UN دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

موراد قەرەیلان بانگەوازیی لە سوپای عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کە کێشەی مەخموور بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، هەروەها دەشڵێت: لەسەروبەندی هێرشەکانی داعش بۆسەر گەلەکەمان هێزەکانمان بۆ پاراستنی گەل چوونە مەخموور و دواتر کشانەوە و ئێستا گرووپێکی بچوکمان لەوێ ماوە، گەر زامنی پاراستنی کامپەکە دەکەن، ئەوا ئێمە ئامادەین ئەو چەند کەسەش بکشێنینەوە.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە، ئەمشەو لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی لەسەر چەند پرسێکی گرنگ قسەی کرد و دەربارەی ڕەوشی مەخموور و گەمارۆکانی سوپای عێراق بۆسەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، بانگەوازییەکی گرنگی ئاراستەی سوپای عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

پەیوەست بە دۆخی کامپی مەخموور موراد قەرەیلان بەرخۆدانى دانیشتوانى کامپی مەخمووری بەرز نرخاند و وتی: پیش هەموو شتێک بە دڵ و گیان سڵاو دەنێرم بۆ گەلی فیداکار و وڵاتپارێزی ئیمە لە کامپی مەخموور، گەلەکەمان لە کامپی مەخموور لەناو تەواوی گەلی کورددا  گەلێکی سیمبولیی و شکۆمەندە، کە بە توانای وڵاتپارێزیی خۆی بە شەرەفەوە لەتەواویی کوردستان خاوەن ئیرادەی ڕادەست نەبوونە.

ئەندامەکەى کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە ئەوەى خستەڕوو کە هەوڵدانى سوپای عێراق بۆ گەمارۆدانى کامپی مەخموور لەسەر داوای دەوڵەتى تورکە و وتیشی: ئەوە ڕاستە، ئێمە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستوومانە کە سوپای عێراق دەیانەوێت دەوری کامپەکە تەلبەند بکەن و  قولەی سەربازیی دروست بکەن، ئیمە بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دۆخە دەکەین.

قەرەیلان ڕوونی کردەوە، ڕوون و ئاشکرایە کە عێراق لەسەر داوای دەوڵەتی تورک ئەم هەنگاوەی ناوە، بەڵام دەبێت عێراق یارییەکانی دەوڵەتی تورک بەباشی ببینێت، چونکە دەوڵەتى تورک دەیەوێت سنوورەکانى عێراق بەتەواویی بۆخۆی بکاتەوە و دۆستەکانى عێراقیش لەیەکتر داببڕێت، بۆیە دەوڵەتی تورک لەسەر عێراق حساباتی خۆی دەکات، بەجۆرێک دەیەوێت حکومەتى عێراق بێ ئەرزش و لاواز بکات و بیخاتە ژێر دەستى خۆیەوە، هەروەها ئامانجەکانى خۆی بسەپێنێت.

هەروەها قەرەیلان ئاماژەی بەوەشدا، کە دەوڵەتى تورک دەیەوێت بە حکومەتى عێراق بڵێت: کە عێراق میراتى دەوڵەتى عوسمانییە بۆ ئێمە، ئەوان لەو چوارچیوەیەدا بیر دەکەنەوە.

هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا ئەندامەکەى کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە داواشی لە حکومەتى عێراق کرد، کە سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر خۆی جیا بکاتەوە و دەڵێت: بۆ نموونە، ۷-۸ ساڵ لەمەوبەر، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فەرمی وتی، دەمانەوێت سوپای تورکیا لە بەعشیقە بکشێتەوە، ئایا هێزەکەی کشاندەوە، نەخێر، بەڵکو هێزەکانى زیاتریش کرد، چونکە دەوڵەتى تورک نایەوێت،عێراق ببێتە وڵاتێکى خاوەن سەروەریی و کاریگەر، دەیەوێت عێراق بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.

هەروەها قەرەیلان جەختی لەوە کردەوە، کە دەوڵەتى تورک لە عێراق و سووریا دۆسیەی خۆی هەیە، بۆیە دەبێت عێراق تێگەیشتنەکانى ئاکەپە و مەهەپە ببینێت و نابێت سوپای خۆی بخاتە ژێر دەستى  ئەوان، ئەوان دەڵێن، ئێمە ئاو بۆ ئێوە بەردەدەینەوەن ئێوەش کامپی مەخموور گەمارۆ بدەن، شنگال کۆنترۆڵ بکەن، بۆیە ئەوان بەو شتانە دەیانەوێت خۆیان بەسەر عێراقدا فەرز بکەن، هەروها دەیانەوێت لەسەر حکومەتى عێراق و سووریا خۆیان فەرز بکەن و ئامانجەکانى خۆیان بەدەست بهێنن، بۆیە گەلی ئێمە لە مەخموور لە ڕاگەیاندنەکانیشەوە ئەوەیان وت، کە ئێمە هیچ کیشەیەکمان لەگەڵ حکومەتى عێراقدا نییە.

هەرکەسێک ڕوو لە مەخمووربکات دەبێت هێرشەکانی داعش لەبیرنەکات

قەرەیلان ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە مەخموور لە سەروبەندی هێرشی داعشدا هەولێر و شارەکانی دیکەی پاراست، بانگەوازیی لەهەموو لایەک کرد کە ئەم ڕاستییە لەبەرچاو بگرن و وتی: هەرکەسێک ڕوو لە مەخمووربکات دەبێت هێرشەکانی داعش لەبیرنەکات، ئەوکاتە کێ لەبەردەم داعشدا خۆی ڕاگرت؟ تەنها خەڵکی مەخموور و شەرڤانەکانی لەدژی داعش بوون بە خاوەنی ئیرادە و سەنگەرێکی مەزن، هەولێر و شارەکانی دیکەشیان پاراست ئەمە شتێکی بچوک نییە، دەبێت کەس ئەمە لەبیر نەکات، هەر ئەمە تەنها کەرامەتی خەڵکی کامپی مەخموور نیشان دەدات

هیوادارین گفتوگۆکانی نێوان سوپای عێراق و ئەنجومەنی گەلی مەخموور سەربکەوێت

فەرماندار موراد قەرەیلان لەبارەی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی نێوان سوپای عێراق و ئەنجومەنی گەلی کامپی مەخموور وتی: ئێمە لەو باوەڕەداین ئەم گفتوگۆیە سەربکەوێت، کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن، ئەو شوێنە کامپێکە کە پەنابەریی سیاسیی تێدا نیشتەجێیە، ئەوە ڕاست نییە کە بە چاوێکی سەربازییەوە تەماشایان بکرێت، بەڵام کاتێک داعش هێرشی کردە سەریان ئێمە بۆ پاراستنی گەلەکەمان ڕۆشتینە ئەوێ، بەڵام دواتر بەفەرمی هێزەکانمان کشاندەوە، ئێستا هێزێکی بچوکمان لەوێ ماوە ئەگەر پێویست بکات ئەوانەش دەکشێنینەوە، چەند کەسێکی کەمن لەوێ، نابێ بەو چاوەوە سەیریان بکرێت کە دۆخی پەنابەریی سیاسی گەلەکەمان تێکدەدەن، ئەگەر بتانەوە ئەوانیش دەکشێنینەوە، خۆی لە ڕاستیدا زۆر کەمن.

ئەگەر عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان گرەنتی پاراستنی مەخموور بدەن ئێمە ئامادەین ئەو گرووپە بچوکەی خۆمان بکشێنینەوە

قەرەیلان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان بانگەوازییەکی گرنگ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سوپای عێراق دەکات و دەڵێت: ئەگەر عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان گرەنتی پاراستنی گەلەکەمان لە مەخموور بدەن، بۆ ئێمە کێشە نییە و ئامادەین ئەو گرووپە بچوکەی خۆمان بکشێنینەوە و یەک کەسیش لەوێ ناهێڵینەوە، لەو کامپەدا ژن، منداڵ پیر و کەسانی مەدەنی کاسبکار دەژین، بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، جێگەیەکی وەها نییە کە هێرش لەوێوە بکرێتە سەر تورکیا، ئەم پڕوپاگەندانە ناڕاستن، لەوپێناوەدا ئێمە بە ئومێدین و چاوەڕوانین کە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.

(ب.گ- هـ.ح)

Comments are closed.