چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان: ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمى کوردستان سنووردار کراوە

هەولێر

ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانى هەولێر ڕایدەگەیەنن، دەسەڵات بەردەوام پێشێلی ئازادى کاری میدیای دەکات و ئازادییەکانی بەرتەسک کردووەتەوە، دەشڵێن، دەستگیرکردن و کپکردنی دەنگە ئازدەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە بەردەوامی هەیە، ئەمەش پێگەیی هەرێمی کوردستانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی ڕابردوودا، ٤٣١ پێشلکاریی بەرامبەر بە٣٠١ ڕۆژانامەنووس و میدیاکان کراوە.

بەپێی ئامارەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٧٣ پێشلکاریی بەرامبەر ١٥٨ ڕۆژنامەنووس کراوە.

فەرمان ڕەشاد
فەرمان ڕەشاد

لەو بارەیەوە فەرمان ڕەشاد، کە رۆژنامەنوسێکى شارى هەولێرە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئازادی ڕادەربرین لە هەرێمی کورستاندا سنوردار کراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەجۆرێک ڕاپۆرتەکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان پێمان دەڵێن، ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردساتن لە پاشەکشەیەکى زۆر گەورە دایە، لەبرى ئەوەی ئازادی ڕادەربڕینی فراوان بکرێت، بەپێچەوانە بەرتەسک کراوەتەوە.

ئەو ڕۆژنامەنوسە وتیشى، هەرێمی کورستان ناوچەیەکی نا ئاڕامە بۆ ڕۆژنامەنووسان و کاری ڕۆژنامەوانی، چونکە پێشلکاریەکان بەڕامبەر بە ڕۆژنامەنووسان روو لە زیادبووندایە، جگە لەوەش دادگاکانی هەرێم لە کەیسی ڕۆژنامەنووساندا ئەرکی خۆیان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێناکەن و دەسەڵاتیش بەشێوەیەکی دووژمنکارانە بەڕامبەر بە ئازادی ڕادەربڕین مامەڵە دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوی ئاشتی و ئازادی تایبەت بە پاراستنی ماف و ئازادییەکان، كە لە چەند رۆژى ڕابردوودا بڵاویكردەوە، لە ساڵی ڕابردوودا ٢٥٩ پێشلکاریی بەرامبەر بە ٣٩٩ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە و هەروەها، لە ڕاپۆرتی دووەمی رێکخراوی پەیامنێراندا هاتووە ٣٠٣ حاڵەتی پێشلکاریی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکان کراوە.

نەوشیروان حەمە غەریب
نەوشیروان حەمە غەریب

هەروەها، نەوشیروان حەمە غەریب، کە چالاکوانێکى شارى هەولێرە باسلەوەدەکات،ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخی ئازادی ڕادەربڕین و کاریی میدیای لە هەرێمی کوردستان بەرەو خراپبوون دەچێت، چونکە دەستگیرکردن و کپکردنی دەنگە ئازادەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە بەردەوامی هەیە، ئەمەش پێگەیی هەرێمی کوردستانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

ئەو چالاکوانە باسی لەوەشکرد، دەسەڵات لەرێگای تیم و دادگاکانەوە دەنگە ئازادەکان کپ دەکات، جگە لەوەش ڕۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادەکان هەرگیز ڕادەست نەبوون، بەڵکو بەردەوامن.

لە کۆتایى قسەکانیدا نەوشیروان حەمە غەریب ئەوەى خستەڕوو، پێویستە دەسەڵات بەخۆیدا بچێتەوە، چونکە ئەو رۆژە دێت تاوانباران  و بکوژانی ڕۆژنامەنووسان دادگای بکرێن.

ئ.م

Comments are closed.