هەریر
لە شارەدێی هەریری سەر بە شارۆچكەی شەقڵاوە لە سنوری پارێزگای هەولێر گەنجێك دوای تەواوكردنی خوێندنی دەست دەكات بە كاری ئاسنگەری و ماوەی چەند ساڵێكە بەشێوەیەكی سەرنج راكێش چەقۆ دروست دەكات و وەک خۆى دەڵێت، لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستانیش كڕیار و خواست لەسەر چەقۆكانیەتی.
لەگەڵ پێشكەوتنی بواری تەكنەلۆژی و پیشەسازی، تادێت كاری ئاسنگەری و ئەو بەرهەمانەی، كە كاری دەستین بەرەو لەناوچوون دەچن، بەڵام لە شارەدێی هەریر گەنجێك لەرێگەی دروستكردنی چەقۆ پەرەی بەم كارە داوە و لە شارە جیاجیاكانی كوردستان خەڵك سەردانی دەكەن بۆ دروستكردنی چەقۆوە دەڵێت، چەقۆكانی هەم لەرووی كوالێتی و هەمیش لەڕووی نەخشەسازی زۆر لەو چەقۆیانە باشترە، كە لە وڵاتانەوە دەیان هێننە بازارەكانی هەرێمی كوردستان.

دڵشاد مەجروم، دەرچوی بەشی پەرستاریە و ماوەی پێنج ساڵە خوێندنی تەواو كردووە و دوای ئەوەی، كە لە بواری پەرستاری كاری دەست ناكەوێت دەست دەكات بە كاری ئاسنگەری و وێرای كاركردن لە زۆر بواری دیكەی ئاسنگەری بەشێوەیەكی هونەری و نەخشەی جوان و كوالێتی باش چەقۆ دروست دەكات، ئەوەش وای كردووە لە ناوچەكەیی و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ناوبانگێكی باش پەیدا بكات بە وەستای باشی دروستكردنی چەقۆ.
دڵشاد بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: كارەكەم كارێكی سەخت و وردە و دەبێت بە چەندین رۆژ چەقۆیەك دروستبكەم، چونكە زۆربەی ئەو چەقۆیانەی دروستمكردوون بونەتە جێی رەزامەندی خەڵك و بەوهۆیەوە خەڵكێکى زۆر داواى دەكات و لە ئێستادا نۆرەی دروستكردنی چەقۆ بۆ سێ تا چوار هەفتە دەڕوات.
لەبارەی جۆر و كولێتی چەقۆكان دەڵێت، ئەو چەقۆیانەی ئێمە دروستیان دەكەین جۆرەكەی زۆر باشە و شان لە شانی هەموو چەقۆكانی وڵاتانی دەرەوە دەدات، چونكە لە باشترین ئاسن و جوانترین نەخش دروستی دەكەین، كە لە ئاسن و بەرد بدرێت خراپ نابێت و بە شێوەیەكی ئاسایی بەرگەی تەڕبوون و داروشان و خوران دەگرێت.
دەشڵێت: كاری دەستی و بەرهەمی خۆماڵی لە ئێستادا خواستی زۆری لەسەرە بە بەراورد لەگەڵ بەرهەمی دەرەكی، چونكە خەڵك زۆرتر متمانەی بە بازارەكانە و دەشبێنێت چۆن و بەچ شێوەیەك چەقۆكان دروست دەكەین بۆیە لە سنوری هەموو پارێزگاكان خەڵك داوا دەكات و نەخشەكە دەنێرێت تا بۆی دروست بكەین.
ئاماژە بەوەش دەكات، كە نرخی هەر چەقۆیەكی لە ٣٠ی هەزارەوە دەست پێ دەكات بۆ ١٣٠ تا ١٤٠ هەزار دینار بەپێی گەورەیی و نەخش و ستایلەكەی دەگۆڕێت، لە هەمان كاتدا هەمان چەقۆ ئەگەر لە وڵاتێكی تر دروست بكرێت بە كاری دەستی ئەوا نرخەکەی لە سەروی ٢٠٠ تا ٤٠٠ دۆلارە، بەڵام ئێمە بەقەد بار و گوزەرانی خەڵكی خۆمان نرخ دادەنێین سەرەرای ماندووبوون و هیلاكی و خەرجكردنی كاتێكی زۆر بە دروستكردنیان.
ئ.م
Comments are closed.